رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەكفرییەوە دەڵێت: هاتوین بۆ ئێرە تا گوێبیستی پێشنیاز و ڕەخنەکان بین و لەسەر ئەو بنەمایانە بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان دادەڕێژینەوە
هەواڵ:KNNC
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئەمڕۆ یەکشەممە (٥ی١٠ی٢٠٢٥)، دانا ئەحمەد مەجید، رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە یاوەری شاندێك لە جڤاتی نیشتمانی و گشتی و هەڵسوڕاوان تاجەگوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدانی ئەنفال لە گوندی دێبنەی ناحیەی رزگاری دانا.
دواتر رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ كۆمەڵێك سەردان و بەسەركردنەوە، دیدارێکی لەگەڵ گۆڕانخوازانی سنوری کفری ئەنجامدا و وتی: سەردانەکەمان بۆ ئێرە بە ئامانجی لەنزیكەوە یەكتربینین و گفتوگۆ و گوێگرتنە لە ڕەخنە و پێشنیارەکانی هەڵسوڕاوەکان.
رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە ئاماژەدان بە پێگە و گرنگی ناوچەی گەرمیان بۆ گۆڕانخوازان و رۆڵی كاریگەریان لە سەرخستنی بزوتنەوەی گۆڕاندا، ئاماژەی بەوەکرد کە دەیانەوێت لەسەر بنەمای پێشنیارەکانی هەڵسوڕاوانی گۆڕان و دڵسۆزان، بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان دابڕێژڕێنەوە.
راشیگەیاند؛ چوار لیژنە دروست کراوە بۆ کۆکردنەوەی بۆچونی هاوڵاتیان و هەڵسوڕاوان و هەموان دەتوانن لەرێگەی ئەو لیژنانەوە باری سەرنجی خۆیان بگەیەنن و پێکەوە هەمومان بڕیار لەسەر پەیڕەو و بەرنامەی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ ئایندە بدەن.
دواتریش هەڵسوڕاوان بە سەرنج و تێبنی و بۆچونەکانی خۆیان خستەڕو دووپاتیشیان. كردەوە بەهەموو توانایان پشتیوان دەبن بۆ بەهێزكردنەوەی گۆڕان و بەرەی خەڵك.
79 جار خوێندراوەتەوە