وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بەدۆسێی ئەتۆمی وڵاتەكەی دەڵێت تاکە چارەسەر ڕێڕەوی
دیپلۆماسییە و لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییەکانی
ئەم دواییەش كە هاتونەتە ئاراوە ، چیتر بەناو
"ڕێککەوتنی قاهیرە" كاری پێناكرێت.
هەواڵ ؛ KNNC
ئاژانسی هەواڵی تەسنیمی ئێران بڵاویكردەوە ئەمرۆ یەكشەممە عەراقچی لە میانی
كۆبونەوەی لەگەڵ باڵیۆز و نوێنەرانی وڵاتان
لە تاران، ڕوونی کردەوە ،کە ئامانجی دیدارەكەی لەگەڵیاندا بۆ ئاگادارکردنەوەیانە لە دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە دانوستانەکانی
نیویۆرک و میکانیزمی "سناپباک" بۆ سەپاندنەوەی سزاکان بەسەر ئێراندا.
بەوتەی عەراقچی "ئەزموونەکان سەلماندوویانە کە جگە لە چارەسەری دیپلۆماسی
بۆ پرسی بەرنامەی ئەتۆمی هیچ چارەسەرێکی تر لە ئارادا نییە"، دەشڵێت: "هەڕەشە
سەربازییەکان و چالاککردنی میکانیزمی سناپباک تاقیکراونەتەوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکیان
بەدەست نەهێناوە. هەروەک چۆن هێرشی سەربازی چارەسەر نییە.
ناوبراو ڕەخنەشی لە ڕۆڵی سێ وڵاتی ئەوروپی (فەرەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا)
گرت و رایگەیاند : "ڕۆڵی خۆیان لە دانوستانەکاندا لاواز کردووە"، واتە
کاریگەرییان لەسەر هەر چارەسەرێك لە داهاتوودا سنووردار دەبێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێران پابەندە بە هەڵوێستی خۆیەوە کە داوای
دانوستان دەکات، بەمەرجێک بە مەبەستی پاک و لە بەرژەوەندی هەردوولا بەڕێوەبچێت".
لەچەند هەفتەی رابردودا ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بە سەرپەرشتی
میسر ڕێککەوتنێکیان واژۆ کرد و بەوپێیەش "زەمینە سازی دەكرا بۆ دەستپێکردنەوەی
هاوکارییەکانی نێوان تاران و ئاژانسی ناوبراو سەبارەت بە پرسی ئەتۆمی ئێران".
355 جار خوێندراوەتەوە