بومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.3 پلە لە پارێزگای ئیسفەهانی هەژاند و تاران و قومیشی
گرتەوە.
هەواڵ؛ KNNC
ناوەندی بومەلەرزەزانی زانکۆی تاران ڕۆژی هەینی (3ی تشرینی یەکەمی 2025) لە
ناوچەی زەوارە سەر بە پارێزگای ئیسفەهان، بوومەلەرزەیەکی 5.3 پلە بە پێوەری ڕێختەری
ڕاگەیاند.
بەگوێرەی ئەو سەنتەرە، بوومەلەرزەکە کاتژمێر 12:05 خولەکی بەیانی بەکاتی
ناوخۆ بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر ڕوویداوە. لە چەند پارێزگایەک لەوانە تاران، قوم و ئیسفەهان
هەستی پێکرا.
بە ڕاپۆرتی ئاژانسی هەواڵی مێهر بە پشتڕاست کردنەوەی ئەو بوومەلەرزانە لە
ناوچەکانی داماوەند، ئەبسەرد، ڕامین، گیلان، فاشم تۆمار کراوە. سەرچاوە فەرمییەکان
باسیان لەوە کردووە کە ناوەندی بوومەلەرزەکە دەکەوێتە باکووری شاری ئیسفەهان نەک لە
شاری فەشم، وەک هەندێک کەناڵی نافەرمی بڵاویان کردووەتەوە.
لای خۆیەوە شێرڤین تەبریزی وتەبێژی ئیدارەی فریاکەوتنی تاران ڕوونی کردەوە
کە لە ئەنجامی بوومەلەرزەکەدا هیچ بریندار و زیانێکی گیانی لە پایتەخت تۆمار نەکراوە
و جەختی لەوە کردەوە کە تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە چاودێریکردنی دۆخەکە لەسەر
زەوی.
1444 جار خوێندراوەتەوە