ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی هەرێم و بەغداد لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت راگەیەنرا

KNN : Kurdish News Network
05:52 - 26/09/2025
ئابوری
+
-

نەبیل مەرسومی پسپۆڕی ئابوریی عێراقی ناوەڕۆكی رێككەوتنەكەی نێوان بەغداد و هەرێمی كوردستانی  لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت بڵاوكردەوە.

 

هەواڵ: KNN  

یەکەم: ڕێککەوتنەکە لەگەڵ هەشت کۆمپانیای بیانی ئەنجامدراوە وهەردو کۆمپانیاکانی دی ئێن ئۆی نەرویجی و  جینێلی تورکی لەخۆنەگرتوە ئەویش  بەهۆی داواکارییان بۆ گەرەنتی پێدانی شایستەی دارایی پێشوویان، کە بەتەنیا بۆ دی ئێن ئۆ بڕی 300 ملیۆن دۆلارە لە کۆی گشتی یەک ملیار دۆلار بۆ کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان کە لە کوردستان کار دەکەن و داوای دەکەن.

 

دووەم: قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە دەست بە هەناردەکردنی 190 هەزار بەرمیل دەکرێت لە ڕۆژێکدا، لە کۆی بەرهەمی ئێستای 240 هەزار بەرمیل، کە 50 هەزار بەرمیلی دەمێنێتەوە بۆ بەکارهێنانی ناوخۆ لە هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە.

 

سێیەم: لە ڕێککەوتنەکەدا تەرخانکردنی بڕی 16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک بۆ دابینکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە، بۆ کۆمپانیاکان بە شێوەی نەوتی خاو نەک پارەی نەختینەیی دیاریکراوە.

 

چوارەم: ئەم ڕێکخستنە تا کۆتایی ساڵ کارا دەمێنێتەوە، و مانگانە لە ساڵی نوێوە نوێ دەکرێتەوە تا کۆمپانیایەکی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی تێچووی وردی بەرهەمهێنان دیاری دەکات.

 

پێنجەم: حکومەتی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر داواکاری کۆمپانیا بیانییەکانی نەوت لە کوردستان کە ڕێککەوتنەکە بە نووسراو بێت نەک بە زارەکی و تۆمار بکرێت.

 

هەروەها  دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی لە پاریس وەک لایەنی حوکمڕان و گەرەنتی جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنە هەڵبژێردراوە.

 

شەشەم: بڕیارە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیای وود ماکنزی بەریتانی واژۆ بکات بۆ ئەوەی وەک ڕاوێژکاری تەکنیکی خزمەت بکات  بۆئەوەی  بە وردی تێچووی بەرهەمهێنان دیاری دەکات و ئەوکاتیش دەتوانرێت ڕێککەوتنی ئێستا ببێتە ڕێککەوتنێکی هەمیشەیی.

873 جار خوێندراوەتەوە