وەزارەتی نەوتی عیراق لە راگەیەندراوێکدا
بڵاویکردەوە؛ لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەتی فیدراڵی بۆ بەرێوەبردنی سامانی
نیشتمانی، گەیشتووەتە رێککەوتنێک بۆ دەستپێکردنی وەرگرتن و هەناردەکردنەوەی نەوتی
بەرهەمهاتوو لە کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان.
هەواڵ:KNNC
بەپێی راگەیەندراوەکە، رێککەوتن کراوە لەسەر
دەستپێکردنی پڕۆسەی هەناردە و رادەستکردنی تەواوی ئەو نەوتە خاوەی کە لە
کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێت دەدرێتە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراق (سۆمۆ)، جگە لەو بڕەی کە بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی تەرخانكراوە.
ئاماژە بەوەشكراوە کۆمپانیای سۆمۆ لەناو خاکی عیراقدا نەوتەکە
وەردەگرێت و ئەرکی هەناردەکردنی لە ئەستۆ دەگرێت لە رێگەی بۆریی نەوتی
عیراق-تورکیاوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەمەش بەپێی رێکارە بنەڕەتییە
پەسەندکراوەکان، دەستوور، دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی، و بڕیارەکانی
دادگای فیدراڵی.
بەپێی هەمان رێککەوتنەکە دانانی میکانیزمی
تەکنیکی و رێکخستنی رون لەخۆدەگرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی پڕۆسەی هەناردەکردن بە
شێوەیەکی ئاسان بەڕێوەدەچێت و شەفافیەت لە داهاتی نەوتدا دەپارێزرێت. ئەوەش بەشدار
دەبێت لە: پشتگیریکردنی دارایی گشتیی دەوڵەت و زیادکردنی داهاتەکانی بودجەی فیدراڵی و بەهێزکردنی
توانای حکومەت بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە خزمەتگوزاری و گەشەپێدانەکان، لەگەڵ دابینکردنی
بنەماکانی سەقامگیریی ئابووری بۆ عیراق و گەلەکەی لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە
رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوای عێراق.
720 جار خوێندراوەتەوە