رۆژی هەینی 19ی
ئەیلولی 2025 ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی لە
راگەیەندراوێکدا بڵاویان کردەوە کە " ئێمە پێمانوایە بایکۆت و خۆپیشاندان و
هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان، نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی
(دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە
بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار".
هەواڵ:KNN
دەقی راگەیەندراوی
ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی:
بەناوی خوای بەخشندە
و تۆڵەسێن
مامۆستایان و فەرمانبەرانی
ستەملێکراو
دایکان و باوکان
و خوێندکارانی ئازیز
چینوتوێژە جیاوازەکانی
کۆمەڵگای کەپتکراو
ستەم و برسیکردن
و شکۆشکاندنی دەسەڵاتی تاڵانکار، هەموو
سنوورە دینیی و مرۆیی و ئەخلاقییەکانی بەزاندووە، بەدەر لە تیرۆری جەستەیی و کەسایەتیی؛
وا خەریکن لە ڕێی ژەهری نائومێدی و مووشەکی دەستی-دەستیپێکردن و ڤاکسینی بێدەنگکردن،
یەک بەیەکمان خەڵتانی لەناوبردنێکی سەرشۆڕانە دەکەن.
بارتەقای ڕقمان
لە بەدکاریی و خوێنساردیی ئەم دەسەڵاتە خوێنمژەی جمکی شەیتانی نەگریس، لە نابەرپرسیارێتی
و بەدەنگنەهاتنی حیزبە بەناو ناڕازییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی و بەناو ڕۆشنبیران
و دەستەبژێران و دادوەران و کەسایەتییە ئایینی و سیاسییەکان و بەناو شۆڕشگێڕانی دێرین
و فەرمانبەران و خوێندکاران و کەسوکاریان نیگەران و تووڕەین؛ یەقینمان هەیە، هەڵنەگرتنی بەرپرسیارێتی و بەدەنگنەهاتنی ئەم چینوتوێژانە، هۆکاری سەرەکی تەمەندرێژی و پێلێڕاکێشانی زیاتری ئەم دوو حیزبە بەکرێگیراوەیە.
ئەنجومەنی وەزارەتی
پەروەردە (کە سێبەری ڕەشی کورسی و بەرژەوەندییەکانیان، بەرچاو و بەرویژدانی
گرتوون؛ بەبێ گوێدانە دۆخی کارەساتباری دارایی مامۆستایان (کە هەم مامۆستان و هەم
دایبابی خوێندکار)، ڕێکەوتی ( ٢١/ ٩/ ٢٠٢٥ )یان وەک یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێی خوێندن دیاریکردووە،
ئەمە لە کاتێکدایە هەریەک لە مووچەکانی مانگی (٧ و ٨) نەدراوە و چاوبرسێتی و نەوتپەرستی
و داهاتدزینی ئاغاکانیان وابکات هەریەک لە مووچەی مانگەکانی (٩، ١٠، ١١، ١٢) تەنیا
فاتیحەلەسەرخوێندنی ماوە.
ئێمە پێمانوایە
بایکۆت و خۆپیشاندان و هەموو هۆکارێکی مەدەنی بۆ داکۆکی لە مافەکانمان،
نـــــــــایەکی سەربەرزانەن بۆ ڕەتکردنەوەی (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ)، کە جۆرێکە
لە کۆیلایەتی سەردەم، ئەوەشی نەیهێشتووە بەتەواوی ئامانجەکەی بپێکێت، لەپاڵ فشار و
بێباکی دەسەڵاتی قۆرخکار، بەداخەوە دەستبەکڵاوگریی لەڕادەبەدەری مامۆستایان و فەرمانبەرانی
هەولێر و دهۆک و پاساوی نابەجێی مامۆستایانی قۆناغی دوانزەیەم و نۆیەکان بووە، کە
هیوادەخوازین و داواکارین ئەوانیش ئەمساڵ لێبڕاوانە (دەوامی بەخۆڕایی/ بەزۆرەملێ) ڕەتبکەنەوە
و پشتیوانیی تاکۆتایی ڕێ، لە بایکۆتی خۆڕسکانە و هەر هۆکارێکی تری مەدەنی بۆ داکۆکی
لە مافەکانمان بکەن.
خوێندن و پەروەردە و زانستێک؛ فێری ئازایەتی و هۆشیاریت نەکات، فێرت نەکات داوای
مافە زەوتکراوەکانت و دادپەروەری بکەیت، ئەوە تەوق و بەڵایەکە لە گەردنتدا، کە لە هەردوو دنیات جگەلە ماڵوێرانی، هیچی دیکەی لێ
بەرهەم نایەت. بۆیە تکادەکەین با بەس بێت، دەستبڵاویی لە بێدەنگی و ملکەچی و بەخشینەوەی نائومێدیی.
ئەنجومەنی سەرتاسەریی
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی
450 جار خوێندراوەتەوە