ئەمڕۆ پێنجشەمە (18ی 9ی2025)، بە ئامادەبونی دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی قەزای ناوەندی سلێمانی لە مەكۆی سلێمانی بەڕێوەچو.
هەواڵ:KNNC
كۆبونەوەكە تایبەت بو بە رێكخستنەوە و نوێكردنەوەی بەشێك لە ئۆرگانەكانی ئەنجومەنی قەزای ناوەندی سلێمانی بزوتنەوەی گۆڕان و باسكردن لە رێگاكانی پەیوەندیكردن بە هەموو ئەو هاوڕێ گۆڕانخوازانەی لە سنوری شاری سلێمانی كە پێشتر هەڵسوڕاوی چالاك بون و ئێستا بە هەر هۆكارێك دوورن لە كاری رێكخراوەیی.
لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا دانا ئەحمەد مەجید، ستایشی هەوڵ و كارەكانی ستافی ئەنجومەن و دەستەی بەڕیوەبەری مەكۆی سلێمانی كرد كە لە چەند مانگی رابردوودا ئەركە رێكخراوەیەكانیان بەباشی راپەڕاندوە و ئامادەی هەنگاوەكانی خۆڕێكخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕانن.
جەختیشی كردەوە كە سلێمانی وەك شار و مەكۆی سەرەكی وەك یەكە رێكخراوەیەكەی بەشێكی زیندوی گرنگی بزوتنەوەكەن و داوایكرد زیاتریش لە رابردو لەناو ئێش و ئازارەكانی خەڵكدا بن و پردێكی پەیوەندی و كاریگەریش بن بۆ پشتیوانی و گوزارشتكردن لە داواكارییەكانی خەڵك.
لای خۆیەوە رەئوف ئەحمەد کاکى باژێروانی سلێمانی سوپاسی پێزانینی ئاڕاستەی گۆڕانخوازانی سنوری مەكۆ كرد، هاوكات بەردەوامی هەوڵەكانی بە ئاڕاستەی خۆڕێكخستنەوە و بەهێزكردنەوەی ئۆرگانەكانی مەكۆی سلێمانی دوپاتكردەوە و جەختی كردەوە كە بە هەموو توانیانەوە هەوڵی جێبەجێكردنی بەرنامەی سیاسی بزوتنەوەی گۆڕان دەدەن و وەك هەمیشە لە بەرەی خەڵك دەمێننەوە.
67 جار خوێندراوەتەوە