ئەنجومەنی دەوڵەت بۆچونی خۆی ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەکات

KNN : Kurdish News Network
01:24 - 18/09/2025
کوردستان
+
-

کۆبونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت لەسەر پرسی داهاتی نانەوتی هەرێم کۆتایی هات وبڕیاری ناردنی بۆچونەکەی خۆی و ئاراستەکردنی بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق،دواخست.

هەواڵ: KNN

دوای سێ رۆژ ئەمڕۆ ئەنجومەنی دەوڵەت لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی خۆیدا بڕیاریدا کە بە نوسراوێک بۆچونی خۆی لەبارەی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان ئاڕاستەی ئەمیندارێتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و سودانی بكات، بەڵام نوسینی بۆچونەکەی بۆ  سەرەتای هەفتەی ئایندە دواخست، بەوئومێدەی نوێنەری هەرێم بەشداری لە كۆبوونەوەكەیدا بكات.

بە پێی زانیارییەکان بڕیارە لە نوسراوەكەدا ئەنجومەنی دەوڵەت بە وردی دیاری بكات كام لە داهاتەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان پشكی حكومەتی فیدراڵی تێدایە و پشكەكە چەندە.

لە دوای ناردنی ئەم بۆچونە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دەبێت حکومەتی فیدراڵی بە بۆچونەکە هەرچییەک بێت پابەند بێت.

تا ئێستا دیار نییە کە دوای ناردنی ئەم بۆچونە بۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ، ئەنجومەنەکە کۆبونەوەی تایبەت رێکدەخات یان لە کۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا لە رۆژی سێشەممە دەیخاتە بەرباس.

ناکۆکییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت وداهات، بەتایبەتی داهاتی نانەوتی تا ئێستا بەردەوامە و سێشەممەی ڕابردو 9ی ئەیلول ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبونەوەی هەفتانەی خۆیدا، بڕیاریدا دۆسیەی نانەوتیی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنجومەنی دەوڵەت بنێرێت، تاوەکو لە ڕوی یاساییەوە رای خۆی لەسەر بدات وکۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێندرێت وبەمەش چارەنوسی 6 موچەی فەرمانبەرانی هەرێم یەکلایی بێتەوە.

108 جار خوێندراوەتەوە