رۆژئاوای كوردستان؛ یارمەتیە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ هەسەدە بەردەوامە

KNN : Kurdish News Network
11:29 - 15/08/2025
کوردستان
+
-

ڕوانگەی سوری بۆمافەكانی مرۆڤ ئاشكرایكرد؛ زیاتر لە 160 بارهەڵگری سەربازیی ئەمریكا لەهەرێمی كوردستانەوە ڕویان لەرۆژئاوای كوردستان و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سوریای دیموكرات كردوە.

 

بەپێی راگەیەنراوێكی ڕوانگەی سوری بۆمافەكانی مرۆڤ ؛ لەماوەی ئەم مانگەدا نزیكەی 170ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری سەربازیی ئەمریكاو هاوپەیمانان كەلوپەلی جەنگیی و لۆجستیان  لەهەرێمی كوردستانەوە بۆ رۆژئاوای كوردستان

گواستوەتەوە.

 

ئاماژە بەوەشكراوە لە رۆژی 4ی ئەم مانگەدا 38 بارهەڵگر و لەرۆژی 6ی هەمان مانگدا 37 بارهەڵگری پڕ لەچەك و تۆپهاوێژ و 15 بارهەڵگری تری باركراو لە زریپۆش و 20 بارهەڵگریتر لە سەكۆی كۆنكرێتی و سوتەمەنی گەیەنراونەتە رۆژئاوای كوردستان .

 

بەپێی هەمان راگەیەنراو لە رۆژی 11  ئابیشدا 40 بارهەڵگری تر گەیشتونەتە بنكەی سەربازیی خراب جیر لەسنوری رمێلان و لە 13ی ئەم مانگەشدا 20 بارهەڵگری تر گەیەنراونەتە بنكەی هاوپەیمانان لەسنوری حەسەكە.

 

جەختیشكراوەتەوە كە هەر لەماوەی ئەم مانگەدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەبەشداری هێزەكانی هەسەدە چوارجار مەشق و ڕاهێنانیان ئەنجامداوە كەتیایدا راهێنان لەسەر بەكارهێنانی  چەكی قورس و بەكارهێنانی بۆمبی رۆشنكەرەوەو چۆنیەتی بەرەنگاریبونەوەی فرۆكەی درۆن و پێكدادانی شەوانە كراون.

 

270 جار خوێندراوەتەوە