دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیا
ئەمڕۆ هەینی لە ئەلاسکا کۆدەبنەوە و هەریەکەیان خۆیان بۆ دانوستانەکانی کۆتاییهێنان
بە جەنگی ڕوسیا - ئۆکرانیا ئامادە کردوە.
پوتین لەسەر خواستەکەی خۆی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی خاکی ئۆکرانیا
بە چەقبەستویی ماوەتەوە، لە کاتێکدا ترەمپ هیچ نهێنییەکی لە خواستی خۆی نەکردوە بۆ
ئەوەی ڕۆڵی "ئاشتیخواز" ببینێت لەسەر شانۆی نێودەوڵەتی.
بە لەبەرچاوگرتنی لێدوانە ناڕێکەکانی ئەم دواییەی ترەمپ
سەبارەت بە هاوتا ڕوسییەکەی، پێشبینیکردنی ئامانجەکانی ترەمپ ئەستەمە.
لێرەدا خوێندنەوەیەکی فراوانتر دەخەینەڕو کە ڕەنگە ئەو دو
سەرکردەیە لەم کۆبونەوەیەدا بەدوای چیدا بگەڕێن.
پوتین بەدوای دانپێدانانی نێودەوڵەتیدا دەگەڕێت، ڕەنگە زیاتریش.
یەکەم شت کە پوتین لەم لوتکەیەدا دەیەوێت شتێکە کە پێشتر
وەریگرتوە: ئەویش دانپێدانانە.
دانپێدانانی بەهێزترین وڵاتی جیهان کە ئەمریکایە، بەوەی هەوڵەکانی
ڕۆژئاوا بۆ گۆشەگیرکردنی کرێملین شکستی هێناوە.
پوتین نەک هەر لوتکەی ڕوسیا و ئەمریکای مسۆگەر کرد، بەڵکو
شوێنێکی سەرەکی بۆ ئەو لوتکەیەش مسۆگەر کرد، کە ئەویش ئەلاسکایە کە چەندین سود پێشکەش
بە کرێملین دەکات:
یەکەم: ئاسایش. ئەلاسکا تەنها نزیکەی ٩٠ کیلۆمەتر لە
ناوچەی چوکۆتکای ڕوسیا دورە، ئەمەش ڕێگە بە پوتین دەدات بگاتە ئەو ناوچەیە بەبێ ئەوەی
بەسەر وڵاتانی "دوژمن"دا بفڕێت.
دوەم: شوێنەکە لە ئۆکرانیا و ئەوروپاوە دورە، ئەمەش هاوتەریبە
لەگەڵ خواستی کرێملین بۆ پەراوێزخستنی سەرکردەکانی کیێڤ و یەکێتی ئەوروپا و مامەڵەکردنی
ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا.
هەروەها ئەلاسکا گرنگییەکی مێژویی هەیە. فرۆشتنی لەلایەن
ڕوسیای قەیسەرەوە بە ئەمریکا لە سەدەی نۆزدەهەمدا.. لەلایەن مۆسکۆوە بەکاردەهێنرێت
بۆ پاساوهێنانەوە بۆ هەوڵەکانی ئێستای بۆ گۆڕینی سنورەکان لەرێگەی هێزەوە.
رۆژنامەی مۆسکۆڤسکی کۆمسۆمۆلێتس نوسیویەتی: "ئەلاسکا
نمونەیەکی ڕونە کە سنورەکان دەتوانن بگۆڕدرێن، هەروەها خاکە فراوانەکان دەتوانن خاوەندارێتییان
بگۆڕدرێت ".
بەڵام پوتین لە دانپێدانان و هێماسازی زیاتری دەوێت؛ ئەو
سەرکەوتنی دەوێت. پێداگری لەسەر ئەوە کردوە کە ڕوسیا هەمو ئەو خاکانەی کە دەستی بەسەردا
گرتوە و داگیری کردوە لە چوار ناوچەی ئۆکرانیا (دۆنێتسک، لوهانسک، زاپۆریژژیا و خێرسۆن)
بهێڵێتەوە و کیێڤ لە بەشەکانی دیکەی ئەو ناوچانە بکشێتەوە.
بۆ ئۆکرانیا ئەمە جێگەی قبوڵکردن نییە. ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی،
سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندوە، "ئۆکرانیەکان دەستبەرداری زەویەکانیان نابن و
نایدەبن بە داگیرکەر"، ئەمەش ڕاستییەکە کە کرێملین زۆر باش دەیزانێت.
بەڵام ئەگەر پوتین پشتیوانی ترەمپ بۆ داواکارییە خاکییەکەی
مسۆگەر بکات، لەوانەیە حیساب بکرێت کە ڕەتکردنەوەی ئۆکرانیا دەبێتە هۆی ئەوەی ترەمپ
هەمو پشتیوانییەکانی کیێڤ ببڕێت. لەم حاڵەتەدا ڕەنگە ڕوسیا و ئەمریکا بەرەو پێشەوە
بچن لەگەڵ باشترکردنی پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی هاوکارییە ئابورییەکان.
بەڵام سیناریۆیەکی تر هەیە.
ئابوری ڕوسیا لەژێر فشارێکی بەرچاودایە، کورتهێنانی بودجەی
ڕوسیا لە گەشەکردندایە، داهاتی نەوت و گازیش ڕو لە دابەزین دەکات.
ئەگەر کێشە ئابورییەکان پاڵ بە پوتینەوە بنێن بۆ کۆتاییهێنان
بە شەڕەکە، ڕەنگە کرێملین پەنا بۆ سازان ببات، بەڵام تا ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەمە نییە.
ترەمپ بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێت بۆ ڕاگەیاندنی پێشکەوتن بەرەو
ئاشتی
لای خۆیەوە ترەمپ لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی ساڵی
٢٠٢٤ بەڵێنی دا کە کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ئۆکرانیا ئاسان دەبێت و دەتوانێت لە ماوەی
چەند ڕۆژێکدا ئەو کارە بکات.
لە کۆبونەوەیەکی دراماتیکی کۆشکی سپیدا لە مانگی
شوباتدا، ترەمپ ڕەخنەی توندی لە زێلێنسکی گرت و دواتر بۆ ماوەیەکی کاتی هاوکارییە
سەربازییەکان و هاوبەشکردنی زانیاری هەواڵگری لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ڕاگرت.
لە چەند مانگی ڕابردودا ترەمپ زیاتر ڕەخنەی لە بێدەسەڵاتی
پوتین و بە ئامانجگرتنی خەڵکی مەدەنی گرت و زنجیرەیەک وادەی بۆ سزا نوێیەکانی دژی ڕوسەکان
و ئەو وڵاتانەی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن، دانا.
هەینی ڕابردو دوایین وادەی ئەم وادەیە بو، بەڵام - وەک هەمیشە
- لە کۆتا خولەکدا پاشەکشەی کرد.
ئەمڕۆ لەسەر خاکی ئەمریکا میوانداری سەرۆکی ڕوسیا دەکات
و باس لە "گۆڕینەوەی خاک" دەکات، کە ئۆکرانیا ترسی ئەوەی هەیە ببێتە ئیمتیازاتی
خاک لەپێناو ئاشتیدا.
کەواتە هەر باسێک کە ترەمپ چی دەوێت لە دانوستانەکانی لەگەڵ
پوتین لە ڕۆژی هەینیدا، بەهۆی لێدوان و کردەوە ناڕێکەکانییەوە بە نادیاری دەمێنێتەوە.
ڕۆژی دوشەممە ترەمپ وتی کۆبونەوەکە "دانیشتنێکی گەڕان"
دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێدەچێت لە دو خولەکی یەکەمدا" بزانێت کە
ئایا دەتوانرێت ڕێککەوتن لەگەڵ پوتین بکرێت یان نا.
ڕونیکردەوە "لەوانەیە دور بکەومەتەوە و هیوای بەختێکی
باشیان بۆ بخوازم، ئەوەش کۆتاییەکەی دەبێت. وە لەوانەیە بڵێم ئەمە چارەسەر نابێت".
ڕۆژی سێشەممە، کارۆلین لیڤیت، سکرتێری ڕۆژنامەوانی کۆشکی
سپی ئەم هەستەی پشتڕاستکردەوە و لوتکەکەی بە "کۆبونەوەی گوێگرتن" وەسفکرد.
بەڵام لە ناوەڕاستی هەفتەدا ترامپ جارێکی دیکە چاوەڕوانییەکانی
بەرزکردەوە و وتی باوەڕی وایە زێلینسکی و پوتین ئاشتییان دەوێت.
لەگەڵ ترەمپ زۆرجار باشترە چاوەڕوانی شتە چاوەڕواننەکراوەکان
بکرێت.
زێلێنسکی و سەرکردەکانی ئەوروپا ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ
پوتین قسەیان کرد، ئەمەش لە هەوڵێکدا بۆ دڵنیابون لەوەی کە ڕێککەوتنێک لەگەڵ پوتین
ئەنجام نەدات کە ئۆکرانیا ڕەتی بکاتەوە یان نەتوانێت قبوڵ بکات.
بەڵام ئەوەی ڕونە ئەوەیە کە بە درێژایی ساڵ ترەمپ پێشوازی
لە هەوڵەکان دەکات بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
لە وتاری دەستبەکاربونیدا ترەمپ ئاماژەی بەوەدا کە دەیەوێت
دیارترین میراتی ئەو، میراتی "ئاشتیخوازی" بێت و شاراوە نییە کە ئەو هەوڵەکانی
بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە.
ڕۆژی پێنجشەممە، ترەمپ شانازی بە کۆتایی هێنان بە چەندین
کێشە و ململانێی جیهانی کرد لە دوای دەستبەکاربونی لە مانگی یەکدا، بەڵام کاتێک
پرسیاریان لەبارەی شەڕی ئۆکرانیا لێ کرد، دانی بە سەختی دۆخەکەدا نا.
ترەمپ وتی: پێم وابو ئەمە ئاسانترینە، بەڵام لە ڕاستیدا
قورسترینە.
ترەمپ کەسێک نییە کە قوڵبێتەوە لە وردەکارییەکان، بەڵام
ئەگەر دەرفەتێکی بۆ ڕەخسا لە کاتی دانوستانەکان هەنگاو بەرە ئاشتی بنێت، ئەوا ئەو
هەنگاوە دەنێت.
پوتین کە دانوستانکارێکی لێهاتوە، ڕەنگە بەدوای ڕێگەیەکدا
بگەڕێت بۆ ئەوەی ترەمپ ئەو کارە بکات- بەڵام بە مەرجەکانی ڕوسیا.
122 جار خوێندراوەتەوە