ئێران و عێراق و ئەمەریکا بە بەیاننامە کەوتونەتە گیانی یەکتر

KNN : Kurdish News Network
10:47 - 13/08/2025
جیهان
+
-

 
رێککەوتنی ئەمنی نێوان ئێران و عێراق کاردانەوەی توندی ئەمەریکای لێکەوتەوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا دژایەتی واشنتۆنی بۆ رێککەوتنەکە راگەیاند، عێراق و ئێرانیش دەڵێن: ئەمە دەستوەردانە و قبوڵی ناکەین.

 

هەواڵ: KNNC

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند: ئێمه‌ دژى هه‌ر یاسایه‌كین له‌گه‌ڵ هاوكاریى ته‌ناهییه‌كانى ئێمه‌ یه‌ك نه‌گرێته‌وه‌.

دەشڵێت: ئەمریكا پشتیوانی لە سەروەری راستەقینەی عێراق دەکات، نەک رێككەوتنێك عێراق بكات بە دەوڵەتێکی پاشكۆی  ئێران.

لای خۆیەوە باڵوێزخانه‌ى عێراق له‌ ئه‌مه‌ریكا بڵاویکردەوە "سه‌رنجێك له‌سه‌ر ئه‌و لێدوانانه‌ى گوته‌بێژى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا هاتووه‌، عێراق ده‌وڵه‌تێكى خاوه‌ن سه‌روه‌ریى ته‌واوه‌ و مافى رێككه‌وتن و یاداشتنى لێكتێگه‌یشتنى هه‌یه‌ به‌گوێره‌ى ده‌ستوور و یاسایه‌ نیشتمانییه‌كان، به‌گوێره‌ى گونجانى له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانى".

 باڵوێزخانه‌ى عێراق له‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌ڵێت، "عێراق دۆستایه‌تى و هاوكارى له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌كى زۆر له‌ وڵاتانى دنیا هه‌یه‌، له‌وانه‌ وڵاتانى دراوسێى جیۆگرافى و ئه‌مه‌ریكا، مكوڕه‌ له‌وه‌ى پێوه‌ندییه‌كانى له‌سه‌ر بنه‌ماى رێزگرتن و به‌رژه‌وه‌ندیى هاوبه‌ش بێت". 

هاوکات باڵۆزخانەی  ئێران لە بەغداد لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: بەیاننامەکەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا كە دژایەتی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنى نێوان ئێران و عێراق دەكات كە ئامانجیان پتەوكردنی هاوکاری ئاسایشی هەردوو وڵات و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرە، دەستوەردانێکی قبوڵنەکراوە لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی سەربەخۆی دراوسێ.

1057 جار خوێندراوەتەوە