هۆشداری دەدرێت، گەرما تینی بۆ زەوی هێناوە.. خێرای توانەوەی بەستەڵەکەکانی باکور بوەتە دوو هێندە

KNN : Kurdish News Network
09:04 - 11/08/2025
هەمەڕەنگ
+
-


زانایان، هۆشداری دەدەن، لە توانەوەی بەستەڵەکەکانی باکور لە  زەریای ئەتڵەسدا بەهۆی بەرزبونەوەی پلەی گەرماوە، دەشڵێن، توانەوەی بەستەڵەکەکان دوو هێندە خێراتر بوە و تەنها لە مانگی حەوتدا پلەکانی گەرما سێ پلە بەرزبونەتەوەو ئەمەش لە مێژوی شاخە سەهۆڵییەکاندا دووەم جارە ڕودەدات.

هەمەڕەنگ:KNNC

توێژەرانی ناوەندی نیشتیمانی بەفر و سەهۆڵ(NSIDC)،  لە نوێترین توێژینەوەیاندا هۆشیاری دەدەنە وڵاتە زلهێزەکان و دانیشتوانی گۆی زەوی لە بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما کە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە و ئەمساڵ  بەستەڵەکەکانی باکور گەرمترین هاوینیان بە خۆوە بینیوە.

توانەوەی بەرچاوی بەستەڵەکەکان، بوەتە هۆی  ئەوەی زاناکان زەنگی مەترسی لێبدەن و ئاشکرایان کردوە؛ لەو ناوچانە تەنها لە ماوەی یەک مانگدا پلەکانی گەرما سێ پلە بەرزبونەتەوە و ئاستی توانەوەی بەستەڵەکەکان بە جۆرێکە، لە مێژویاندا یەکجاری دیکە ئەوە ڕویداوە.

بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما و گۆرانکاریەکانی کەش و هەوا لە تەواوی جیهاندا پلەی گەرمی زەریا و ڕوبارەکان زیاتر بەرزدەکەنەوە و دەبنە هۆی ئەوەی  شاخە سەهۆڵییەکان بە شێویەکی خێرا بتوێنەوە.

ئەمەش وایکردوە، زاناکان پێشبینی ئەوە بکەن، توانەوەی شاخە سەهۆڵییەکانی باکور لە ساڵانی داهاتودا خێراتر بێت، ئەگەر مرۆڤەکان یارمەتیدەر نەبن لە کەمبونەوەی گەرمی گۆی زەوی، ئەویش بە کەمکردنەوەی کارگە پیشەسازیەکان و کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و زیاترکردنی رێژەی سەوزایی و  هۆشیارکردنەوەی تاکەکانی کۆمەڵگە لەبارەی ژینگەوە.

618 جار خوێندراوەتەوە