عەباس عێراقچی: لەژێر هیچ فشارێكدا سازش لە مافەکانمان ناکەین

KNN : Kurdish News Network
11:16 - 21/06/2025
جیهان
+
-

لەسەر داوای وەزیری دەرەوەی ئێران، کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێكخراوی هاریکاری ئیسلامی لە تورکیا بەڕێوەدەچێت، لە پەراوێزى ئەو کۆبونەوەیەشدا عێراقچى رایگەیاند؛ دەبێت راگەیاندراوێكی توند بۆ سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل دەربکرێت.

 

هەواڵ:KNNC

 

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێكخراوی هاریکاری ئیسلامی گەیشتوەتە ئیستەنبوڵ، داواش دەکات راگەیاندراوێكی توند و یەكلاکەرەوە بۆ سەرکۆنەکردنی دەستدرێژییەکان دەربکرێت.

 

عێراقچی لە لێدوانێكدا ئاماژەی بەوەکردوە: کۆبونەوەی وەزیرانی دەرەوەی رێكخراوەکە پێشتر پلانی بۆدانرابو، بەڵام لەبەرچاوگرتنی دەستدرێژییەکانی ئیسرائیل داوایان کردوە کۆبونەوەیەکی تایبەت لەو بارەیەوە بکرێت.

 

بڕیاریشە عێراقچی لە ئیستەنبوڵ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشداربو و و ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی هاریکاری ئیسلامی و سەرۆك کۆماری تورکیا کۆببێتەوە.

 

هاوکات، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا لە تورکیا عێراقچی رایگەیاند: هێرشەکانی ئیسرائیل بە پاڵپشتی ئەمەریکایە و خودی ئەمریکاش بەشدارە لەو شەڕەی توشی وڵاتەکەیان بوە، دەشڵێت: لەژێر هیچ فشارێكدا سازش لە مافەکانییان ناکەن و مافی بەرگریکردن لە خۆیان بەکاردەهێنن.

143 جار خوێندراوەتەوە