زنجیرە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران و بەئامانجگرتنی
ژێرخانی وزە و ئابوریی ئەو وڵاتە لە نۆیەمین رۆژیدا بەردەوامە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە،
سوپای ئیسرائیل زنجیرەیەك هێرشی کردوەتەوە سەر ئێران و کوژرانی دو فەرماندەی باڵاشی
ڕاگەیاند.
هەواڵ:KNNC
بۆ نۆیەمین رۆژ لەسەریەك، هێرش و بۆردومانەکان
لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامە و ئیسرائیل
زنجیرەیەك هێرشی ترى کردە سەر ئێران.
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە: لە هێرشەکاندا،
ژێرخانی موشەك و سەکۆیەکی هەڵدانی موشەک لە ناوەڕاستی ئێران کراوەتە ئامانج و زنجیرە
هێرشەکانی ئەمڕۆ، ناوچەکانی ئەسفەهان، رۆژهەڵات و باکوری ئێرانیان گرتوەتەوە، لەبەرامبەریشدا
سوپای پاسداران پشتڕاستى کردەوە کە هێرش کراوەتە سەر ئەسفەهان، بەڵام پوچەڵیان
کردوەتەوە و رێگرییان کردوە لە بە ئامانجگرتنی بنکەی ئەتۆمی ئەسفەهان.
لەلای خۆیەوە، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل
رایگەیاند: لە هێرشەکانیاندا بۆسەر شاری قوم، توانیویانە، سەعید ئیزادی، فەرماندەی
فەیلەقی فەڵەستینی سوپای پاسداران بکوژن.
هاوکات، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند: هێزی ئاسمانی
وڵاتەکەیان لە رێگای بەکارهێنانی فڕۆکەی جەنگیەوە، توانیویەتی ئەمینپور جودەکی، فەرماندەی
لیوای دوی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپای پاسداران، بکوژن.
بە گوێرەی ئامارەکانی بەردەست میدیاکانی ئیسرائیل،
لە ئۆپەراسیۆنەکاندا بۆ سەر شاری قوم، 2 کەس کوژراون و چوار کەسی دیکەش بریندار
بون، لە بەرامبەریشدا تەلەفزیۆنی فەرمیی ئێران هەر ئەوەندە رایگەیاند: هێرشێکی تیرۆریستی
کراوەتە سەر شاری قوم.
لەماوەى ئەم نۆ رۆژەدا و بەپێی ئامارەکانى ئیسرائیل، تا ئێستا 25 کەس
کوژراون و هەزار و 200 کەسیش بریندارن، لە بەرامبەریشدا ئێران 430 کەس
کوژراون و زیاتر لە سێ هەزار و 500 کەسیش بریندار بون.
86 جار خوێندراوەتەوە