دۆناڵد ترەمپ بەدەم یاریی گۆڵفەوە بڕیارى هێرشکردنەسەر ئێرانى دەرکردوە

KNN : Kurdish News Network
03:16 - 23/06/2025
جیهان
+
-

راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان ئاشکرایانکردوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمەریکا رەزامەندیی لەسەر هێرشکردنەسەر بنکە ئەتۆمییەکانى ئێرانى لە یانەى گۆڵف لە نیوجێرسى دەربڕیوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

پێگەى "ئەکسیۆس"ـى ئەمەریکا ئاماژەى بۆ ئەوەکردوە کە دوانیوەڕۆى رۆژى شەممە، ترەمپ لە یانەى گۆڵف بوە لە پێدمینیستەر، لەوکاتەدا پێی راگەیەنراوە کە بۆمبهاوێژەکانى گەیشتونەتە خاڵێک کە گەڕانەوەیان نییە.

 

پێگەکە ئەوەى ئاشکرا کردوە کە ترەمپى سەرۆکى ئەمەریکا هەر لەکاتى یاریی گۆڵفدا گڵۆپى سەوزى بۆ هێرشکردن و بڕیارى کۆتایی دەرکردوە، دواتر بە ماوەیەکى کورت بە فڕۆکە تایبەتەکەى گەڕاوەتەوە بۆ واشنتۆن تا لە ژورى ئۆپەراسیۆنەکان چاودێرى بەڕێوەچونى هێرشەکە بکات.

 

یەکێک لە کەسایەتییە نزیکەکان لە ترەمپ ئەوەى ئاشکرا کردوە کە ترەپ وتوەتى:"لەکۆتاییدا هەمو شتێک باشە، کاتەکەمان زۆر گونجاو بو".

 

ئەکسیۆس ئەوەشى بڵاوکردوەتەوە کە تەنها گروپێکى کەم لە بەرپرسانى ئیدارەى ترەمپ ئاگادارى ئەم هێرشەبون کە بۆسەر ئێران ئەنجامدرا و هیچ هەواڵێکیش لە پنتاگۆن و کۆشکى سپییەوە دزەى پێنەکراوە.

 

رۆژى پێنجشەممە، سەرۆکى ئەمەریکا بە رۆژنامەنوسانى وت:" لەماوەى دوو هەفتەى داهاتودا" بڕیار دەدات ئایا ئەمەریکا بەشدارى ئەم شەڕە دەکات یاخود نا .

113 جار خوێندراوەتەوە