ڕاگەیەندراوێک لە پزیشکانی نیشتەجێێ خولاو بۆ سەرۆکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان

KNN : Kurdish News Network
09:34 - 07/06/2025
کوردستان
+
-

 

پزیشکانی نیشتەجێێ خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی لە دوای ئەوەی بڕیاریاندا لە ئەمڕۆوە بایکۆتی سەرتاسەری رابگەیەنن، دەشڵین؛ دۆخێکی چەقبەستو دروست بوە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکی تازەوە و حکومەت بەرپرسە لە ئەگەری رودانی هەردۆخێکی نەخوازراو.

 

هەواڵ:KNNC

 

لە ڕاگەیەندراوەکەەدا هاتوە؛ وەزارەتی تەندروستی نەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵکو بەبێ حسابکردن بۆ ڕای ئێمەی پزیشک، تاک لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی.

 

دەشڵێن؛ حکومەت بەدەم داواکەیانەوە نەهاتوە، بەجۆرێک کە پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچار دەکات دەوامی سێ خولی پزیشکی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە وکورتخایەن و درێژخایەنەکان، و ئەو لۆدە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان.

 

دەقی راگەیەندراوەکەی پزیشکانی نیشتەجێێ خولاوە

 

ڕاگەیەندراوی پزیشکانی نیشتەجێێ خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان سەبارەت بە بایکۆتکردنی دەوام

بۆ: ڕای گشتی ئەنجوومەنی وەزیران وەزارەتی تەندروستی بەڕێوبەرایەتییە گشتییە تەندرووستییەکان بەڕێوبەرانی سەرجەم نەخۆشخانە و فریاکەوتنەکان بەڕێزان ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم تا پزیشکانی پایە بڵند بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لەدەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیمان خزمەتدەکەین و لە شوێنەکانی خۆمان ماوینەتەوە.

 

ئێمە وەکو پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لەماوەی ڕابردوو هەموو ڕێگەیەکی یاسایی و مەدەنیمان گرتەبەر لەهەمبەر ئەم دۆخە کە مەترسی درووست دەکا لەسەر سیستەمی تەندرووستی کوردستان، لەکۆتا هەڵوێست بەیاننامەیەکمان بە ناو و ئیمزای ١٦٠٠ پزیشک لەسەرتاسەری کوردستان لە گردبوونەوەیەک پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرد. بەڵام وەزارەتی تەندروستی نەک هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، بەڵکو بەبێ حسابکردن بۆ ڕای ئێمەی پزیشک، تاک لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچار دەکات دەوامی سێ خولی پزیشکی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە وکورتخایەن و درێژخایەنەکان، و ئەو لۆدە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان.

 

بۆیە لێرەوە ڕایدەگەیەنین کە لە ڕۆژی شەممەوە ٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥ کاتژمێر ٨ـی بەیانی بایکۆتی دەوامکردن لە سەرجەم فریاکەوتن و نەخۆشخانەکانی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان بە هەموو بەشەکانیانەوە ڕادەگەیەنین تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان. داواکارین لە سەرۆکی حکومەتی و لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستەمی تەندرووستی کوردستان بپارێزن لە ڕوخان.

 

داواکارییەکانمان بریتین لە:

 

١- وەستاندنی سیستەمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندی.

 

٢- بەشێوەیەکی فەرمی کاتێک دیاریبکرێ بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ و کۆتایی هێنان بەو دۆخە چەقبەستووە بە زووترین کات. لێرەشەوە خەڵکی کوردستان ئاگاداردەکەینەوە کە ئەو دۆخەی دروستبووە بەهیچ شێوەیەک ئێمەی پزیشکان لێی بەپرس نین، بەڵکو پێشتر هەموو بەرێوبەرایەتی نەخۆشخانەکان ئاگادارکراونەتەوە و لە ئەگەری هەر لێکەوتێکی نەخوازراو، وەزارەتی تەندروستی لێی بەرپرسە.

 

ئێمە ماوەی چوار مانگ خزمەتکردنمان لەدەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیمان و بەردەوامبوونمان لە خزمەتکردن لە بارودۆخی سەختی دارایی نیشانەی دڵسۆزیمانە، بەڵام گەیشتنمان بە بنبەست و بێ هیوایی لە چارەسەرکردنی کێشەکان گەیاندینی بەو بڕیارە.

 

پزیشکانی نیشتەجێی خولاوی هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان ٧ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥

65 جار خوێندراوەتەوە