هەرێمی كوردستان؛ بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک خرایە بواری جێبەجێكردنەوە

KNN : Kurdish News Network
04:20 - 03/06/2025
کوردستان
+
-

دوای پارێزگای هەڵەبجە، پرۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پسوڵەی خۆراک بەشێوەیەکى فەرمى لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان خرایە بواری جێبەجێكردنەوە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ سێشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى لە وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازیى هەرێمى کوردستان رایگەیاند: بەمەبەستی سەرپەرشتی كردنی پرۆسەی بەئەلیكترۆنی كردنی پسوڵەی دابەشكردنی خۆراك لەهەرێم، بەفەرمی شاندێك لە بەغدادەوە سەردانی شاری هەولێریان كردوە.


وتیشی: لەرۆژانی رابردودا پرۆسەكە بەشێوەی ئەزمونی بەردەستبوە، لە هەولێر (37) هەزار، لە سلێمانی (80) هەزار، لە هەڵەبجە (67) هەزار و لە شاری دهۆکیش (40) هەزار هاوڵاتی پسوڵەكانیان پڕكردوەتەوە.


رونیكردەوە، لە قۆناغی یەکەمی پڕۆسەكەدا، ئەو ناوانە لە پسوڵە ئەلیکترۆنییەکە تۆماردەكرێن، کە لە پێشوتردا لەسەر پسوڵەی کاغەزیی ناویان هەبوە، دواتر و لە قۆناغی دوەمدا زیادکردن و گواستنەوە و سڕینەوە بۆ ئەندامانی خێزانەكان ئەنجامدەدرێت.


بەڕێوەبەرى گشتیى بازرگانى وەزارەتى بازرگانى، داوای لە هاوڵاتیان كرد بۆ ئەوەی پڕۆسەكە بەزویی بەڕێوەبچێت لە پڕكردنەوەی پسوڵە ئەلیكترۆنییەكە هاوکاری وەزارەتەکەی بكەن.


لای خۆشیانەوە شاندەکەی عێراق كە سەردانی هەولێریان كردوە، ئاماژەیان بۆ ئەوەكرد، تا ئێستا (27) ملیۆن هاوڵاتی پسوڵەی خۆیان نوێ کردوەتەوە كە ئەم پسوڵە ئەلیكترۆنیانەش ئاسانکاریی بۆ کاروبارى حکومەت دەکات.

1728 جار خوێندراوەتەوە