هۆشیار زێباری: پێدەچێت كورد لە بەغداد بكشێتەوە

KNN : Kurdish News Network
06:10 - 06/06/2025
کوردستان
+
-

ئەندامێكی مەكتەبێكی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت: بڕیاری راگرتنی موچەی موچەخۆران سیاسییە و ئاشكراشیدەكات؛ عێراق نەوتی وڵاتانی دیكە تێكەڵ دەكات و بەناوی نەوتی عێراقەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهانی دەكات هاوكات باسی كشانەوەی كورد لە پرۆسەی سیاسیی دەكات.


هەواڵ: (KNNC)


لەسەر راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەب سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و وەزیری پێشوتری دەرەوەی عێراق بە سكای نیوزی عەرەبی رایگەیاندوە: راگرتنی موچە بڕیارێكی تەواو سیاسییە و كاتی راگرتنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم زۆر خراپ بوە، دارایی عێراق سزای بەكۆمەڵ بەسەر خەڵكی كوردستاندا جێبەجێ دەكات، بۆیە بەبێ سزادانی ئەو كەسانەی لەپشتی بڕیارەكەوەن تێناپەڕێت.

 

وتیشی: هەرێمی كوردستان پشكی خۆی لە بودجەی عێراقدا بەرێژەی لە (12.67%) هەیە، بەڵام بەغداد پابەندی جێبەجێكردنی یاسای بودجە نابێت، كە ئەوەش پێچەوانەی دەستور و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵییە.

 

لەسەر بەقاچاغ بردن و هەناردەكردنی نەوت هەرێم رونیكردەوە؛ ناتوانێت رەتی بكاتەوە كە بەشێوەی قاچاغ نەوتی هەرێم هەناردە ناكرێت، بەڵام بەرێژەیەكی زۆر كەمە، چونكە نەوتی هەرێمی كوردستان بە بۆری و لەڕێگەی توركیاوە بەشێوەیەكی فەرمی هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكرێت، بەڵام عێراق پڕۆسەكەی راگرتوە و تا ئێستا زیاتر لە (25) ملیار دۆلار زیانیان لەوڵات گەیاندوە.

 

ئاشكرایكرد، بەغداد نەوتی وڵاتانی دیكە تێكەڵ بە نەوتی عێراق دەكات و بەناوی نەوتی خۆیەوە هەناردەی بازاڕەكانی جیهان دەكات.

 

وەزیری پێشوتری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، بەپێی دەستور پڕۆسەی دەرهێنان و هەناردەكردن و فرۆشتنی نەوت و غاز تەنها لەدەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵیدا نییە، بەهۆی رێگریەكانیانەوە لە ساڵی (2007)ـەوە تا ئێستا نەتوانراوە یاسای نەوت و غاز دەربچوێنرێت.

 

سەبارەت بە هەڵوێستی داهاتوی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: لەدوای بڕیاری راگرتنی موچە كە بڕیارێكی ستەمكارانەیە، پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغداد تێكچوە و ژمارەیەكی زۆری هاوڵاتیان پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە پێدەچێت كە كورد لە پرۆسەی سیاسیی عێراق بكشێتەوە و بەغداد بەجێبهێڵێت.

749 جار خوێندراوەتەوە