گۆران قادر: بەشێك لە ئۆتێلەكان توانای وەرگرتنی گەشتیاریان نییە

KNN : Kurdish News Network
06:17 - 07/06/2025
کوردستان
+
-

وتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی رایدەگەیەنێت: لەرێگەی بازگەكانەوە بە پێشكەشكردنی شیرینی و رێبەری چاپكراو پێشوازی لە هاتنی گەشتیاران دەكەن، ئاشكراشیدەكات؛ سەرباری بەردەوامی هاتنیان، بەڵام بەهۆی زۆری ژمارەی گەشتیاران بەشێك لە ئۆتێل و شوێنە گەشتیارەكان توانای وەرگرتنی گەشتیاری زیاتریان نییە.

 

هەواڵ: (KNNC)

 

گۆران قادر، وتەبێژی بەڕیوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی بە (KNN)ـی رایگەیاند: لە هەمو بۆنەیەكدا بەڕێوەبەرایەتییەكەیان ئامادەكاری بۆ هاتنی گەشتیاران دەكات و لە وچوارچێوەیشدا و بەبۆنەی هاتنی جەژنی قوربانی پیرۆز لەڕێگەی لیژنە تایبەتییەكانیانەوە لە بازگەكانی تاسڵوجە و عەربەتەوە بەپێشكەشكردنی شیرینی و رێبەری چاپكراو پێشوازییان لە گەشتیاران كردوە.

 

وتیشی: بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار لە پاركی نالی شەقامی سالم سەنتەری زانیاری داناوە كە هاوكاری پێشكەش بە ئەو گەشتیارانە دەكات پەیوەندی پێوەدەكەن و هەمو ئاسانكارییەكیان بۆ جێبەجێكردنی كاروبارەكانیان دەكات.

 

راشیگەیاند: ژمارەیەكی زۆر لە ئەو گەشتیارانەی رویان لە پارێزگای سلێمانی كردوە، بەشێكیان لە ناوخۆی شارەكانی هەرێمی كوردستانەوە هاتون و ژمارەیەكی زۆری گەشتیارانیش لە شارەكانی ناواڕست و خواروی عێراقەوە سەردانی ناوچە گەشتیارەكانی سلێمانیان كردوە.

 

رونیكردوە، لە رۆژانی جەژندا و بەهاوركاری لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامییەتی سلێمانی، بەرێوەبەرایەتی گەشتوگوزار سەرجەم چێشتاخانە، ریستۆرانت و هەمو ئەو شوێنانە بەسەردەكاتەوە و بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی رێنماییەكانی تەندروستی، ڤێتێرنەری، گەشتوگوزار و رێنماییەكانی دیكە دەكات.

 

سەبارەت بە ژمارەی هاتنی گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا وتەبێژەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، سەرباری ئەوەی جەژنی قوربان دو رۆژی ماوە، بەڵام ژمارەیەك لە ئۆتیل و ناوچە گەشتیارەكانی شاری سلێمانی توانای وەرگرتنی زیاتری گەشتیاریان نییە و دوای تەواو بونی رۆژانی پشوی جەژنی قوربانی پیرۆز، بەڕێوەبەرایەتییەكەی ئاماری هاتنی گەشتیاران رادەگەیەنێت.

 

سلێمانی – بەهار عەبدولكەریم

127 جار خوێندراوەتەوە