بڕگەی
سەرەکی و کارنامەی کۆبونەوەکەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، تایبەت بوە بەخستنەڕوی ئەنجامی
سەردانەكەی شاندی باڵای حکومەت و بۆ واشنتۆن هەروەها جەخت كردنەوە لەسەر چارەسەرکردنی
کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستوردا لەگەڵ عێراق.
هەواڵ:
(KNNC)
ئەمڕۆ چوارشەممە،
ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە و لە بڵاوكراوەیەكشدا ئاماژە بۆ
ئەوەدەكات؛ بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبونەوەکە، تایبەت بو بەخستنەڕوی ئەنجامی
سەردانی فەرميی هەفتەی رابردوی شاندی باڵای حکومەت بۆ واشنتۆنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی
ئەمەریکا.
لەبەشێكی
دیكەی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمدا ئەو خراوەتەڕو، لە دوای گفتوگۆ و
تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کرد و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی لە قەوارەی
دەستوریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی
کوردستان لە چوارچێوەی دەستوردا.
ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێم، جەخت دەكاتەوە كە؛ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە
چوارچێوەی دەستوردا، هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی
لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی
کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی
گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گازدا.
دەقی راگەیەنداروەكەی
حكومەتی هەرێمی كوردستان:
ئەنجومەنی
وەزیران ئەنجامەکانی سەردانی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بۆ ئەمەریکا و واژۆکردنی
هەردو ڕێککەوتننامەکەی بواری وزە تاوتوێ دەکات
ئەنجومەنی
وەزیران پێشوازیی لە هەڵوێستی ئەمەریکا دەکات و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانیەکەی لە
قەوارەی دەستوریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی
کوردستان لە چوارچێوەی دەستور
ئەمڕۆ
چوارشەممە 28ی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوەوە. بڕگەی سەرەکی و کارنامەی کۆبونەوەکە، تایبەت بو
بە خستنەڕوی ئەنجامی سەردانی فەرمی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی
سەرۆک وەزیران بۆ واشنتنی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لە حەفتەی ڕابردودا
و واژۆکردنی دو ڕێککەوتننامە لە بواری وزە لەگەڵ هەردو کۆمپانیای ئەمەریکی( HKN ) و (
(WesternZagros))
لە سەرەتای
کۆبونەوەکە، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی سەردانەکە کرد و ڕونیکردەوە کە ولایەتە
یەکگرتوەکانی ئەمەریکا، بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی خۆی لەگەڵ هەرێمی کوردستان
وەک هاوبەشێکی سەرەکی دەڕوانێت، سەرۆک وەزیران هەروەها پشتیوانی واشنتنی بۆ قەوارەی
دەستوریی هەرێمی کوردستان و ماف و دەسەڵاتە دەستورییەکانی بە گرنگ وەسف کرد بە
ئاراستەی پتەوکردنی سیستمیی فیدڕاڵیی و پارێزگاریکردن لە قەوارەی دەستوریی هەرێم.
پاشان سەرۆک
وەزیران ئاماژەی بە گرنگیی واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی بواری وزە کرد لەگەڵ هەر دو
کۆمپانیای ئەمەریکی ( HKN و WesternZagros ) کە لەلایەن بەرپرسانی باڵای ئەمەریکاشەوە بە گەرمی پاڵپشتی لێکرا
و ئەو دو ڕێککەوتننامەیە، سودیان بۆ هەرێمی کوردستان و هەمو خەڵکی عێراق دەبێت. ئینجا
پوختەی دیدار و کۆبونەوەکانی شاندەکەی لە واشنتن لە گەڵ کۆنگرێس و ئیدارەی نوێی ئەمەریکا
خستەڕو. لە سەرجەم کۆبونەوەکاندا، هەردو
لایەن جەختیان لە بەهێزترکردنی پەیوەندی هاوبەشی نێوانیان کردەوە بە ئاراستەی
پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەرێمێکی کوردستانی بەهێز لە چوارچێوەی سیستمی
فیدڕاڵیی دانپێدانراو لە دەستوری هەمیشەیی عێراق.
سەبارەت
بەکۆبونەوەی شاندەکە لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، سەرۆک وەزیران
ستایشی لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی کرد تایبەت بە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان کە
پابەندبونی ئەمەریکای بە پاڵپشتیکردنی هەرێمی کوردستانێکی بەهێز و سەقامگیر لە
چوارچێوەی عێراقی فیدراڵدا دوپات کردەوە، هەروەها ئاماژەی بەوەشدا کە وەزیری دەرەوە،
ئامادەیی ئەمریکای دوپات کردەوە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە
جیاجیاکاندا و دابینکردنی مافە دەستوریی و شایستە داراییەکانی هەرێم، کە تەوەرێکی
دیکەی گفتوگۆکان بو. سەرۆک وەزیران ئاماژەی دا بە ستایشی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا
بۆ میوانداریکردنی هەرێمی کوردستان لە پەنابەر و ئاوارەکان و پاراستنی مافەکانی پێکهاتە
نەتەوەیی و ئایینیە جیاوازەکان. دواتر هەریەک لە ئەندامانی شاندەکە بە پێی تایبەتمەندیی
خۆیان، وردەکاریی زیاتری کۆبونەوە و دیدارەکانیان بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕو. لە
دوای گفتوگۆ و تاوتوێکردنی ئەنجامەکانی سەردانەکە، ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە
هەڵوێستی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کرد و ڕێز و پێزانینی هەیە بۆ پشتیوانییەکەی
لە قەوارەی دەستوریی هەرێم و زامنکردنی پیادەکردنی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی هەرێمی
کوردستان لە چوارچێوەی دەستور.
ئەنجومەنی
وەزیران جەختی کردەوە کە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی
لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لە چوارچێوەی دەستور،
بە تایبەتیش بابەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆمپانیای
سۆمۆ، کە ڕۆڵی گرنگی دەبێت لە زیادکردنی داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵیی و برەودان بە
وەبەرهێنان لە کەرتی نەوت و گاز بە گوێرەی دەستور و خستنەوەگەڕی داهاتەکەی بۆ خێر
و بەرژەوەندی هەموان، کە بەداخەوە بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەکە لە مانگی ئاداری ساڵی
2023 ەوە زیانی چەندین ملیار دۆلار بەر خەزێنەی گشتی کەوتوە.
243 جار خوێندراوەتەوە