وەزارەتی دارایی هەرێم: رێكارەكانی وەزارەتی دارایی عێراق پێچەوانەی دەستورە

KNN : Kurdish News Network
07:25 - 29/05/2025
کوردستان
+
-

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایگەیاند: دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بە خەرجی راستەقینە پێچەوانەی دەستوری عێراقە.


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ پێنجشەمە (29ـی ئایاری 2025) لەسەر راگرتن و نەناردنی موچەی مانگی پێنجی موچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی کوردستان، وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراقی دایەوە و رایگەیاند: دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بە پشتبەستن بەخەرجی راستەقینە، پێشێلکردنی بڕگەکانی دەستوری عێراقە.

 

 

رونیكردوەتەوە، بەپێی ماددەی (121 - سێیەم) كە ئاماژەی بۆ ئەوەكردوە، لە داهاتی كۆكراوەی فیدراڵی دەبێت هەرێمەکان و پارێزگاکان پشکێکی دادپەروەرانەیان بۆ تەرخان بكرێت، بۆیە دەبێت لەسەر بنەمای داهاتە کۆکراوەکانی فیدراڵی پشکی هەرێم دیاری بكرێت نەك خەرجی راستەقینە.

 

 

وەزارەتی دارایی هەرێم راشیگەیاندوە: وەزارەتی دارایی عێراق خوێندنەوەی هەڵەی بۆ نوسراوی دادگای فیدراڵی کردوە، كە تیایدا ئاماژەی بۆ  راگرتنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ناکات، بۆیە دەبێت لە بودجەی ساڵانە موچە خەرج بکرێت، هەروەها بەپێی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد پشکی هەرێم ساڵانە زیاتر لە (13) ترلیۆن دینارە، بەڵام ئەمساڵ تا ئێستا (4.4) ترلیۆن دینار بۆ هەرێمی كوردستان خەرج کراوە.

198 جار خوێندراوەتەوە