دوای ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراق بە نوسراوێکی فەرمی رایگەیاند، رێژەی (٪12.67)ـی تەرخانكراوی
پشكی هەرێم بۆ بودجەی سێ ساڵی (2023، 2024 و 2025) كۆتایی هاتوە بڕیارە ئەمڕۆ وەزارەتی
دارایی هەرێم بە نوسراوێکی فەرمی وەڵامی دارایی عێراق بداتەوە.
هەواڵ:KNNC
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵ میدیای KNNـی راگەیاند، لیژنەیەک
پێکهێنراوە و سەرقاڵی ئامادەکردنی داتا و ئامارەکان بۆئەوەی وەڵامی نوسراوەکەی
وەزارەتی دارایی فیدراڵ بدەنەوە.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، بەشێک لە وەڵامی هەرێم بۆ بەغداد ئەوەیە، لە ساڵی
2023 دارایی فیدراڵ، موچەی فەرمانبەرانی نەناردوە و هەرێم خۆی دابینی کردوە لەو
داهاتەی لە بەردەستدا بوە.
هەروەها،لە ساڵی 2024، بەغداد بەرێکوپێکی موچەی فەرمانبەرانی نەناردوە و
حکومەتی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ، کورتهێنانی موچەی پڕکردوەتەوە.
لە چوار مانگی ساڵی 2025یشدا، مانگانە لە تەرازوی پێداچونەوە، رونکراوەتەوە
کە بەرهەمهێنانی کارەبا، فڕێدانی خۆڵ و خاشاک و خەرجی وەزارەتەکان لە داهاتی ناوخۆ
دابینکراوە، بۆیە بڕێکی کەم داهات رادەستی بەغداد کراوە.
لەوەڵامی ئەو پرسیارەی "چارەسەری ئەم کێشە نوێیەی بۆ موچەی فەرمانبەرانی
هەرێم دروستبوە چییە؟"، سەرچاوەکەی KNN وتی: بە دوو رێگا ئەمڕۆ کار بۆ چارەسەرکردنی
گرفتەکە دەکەن، یەکەمیان ئەوەیە، لیژنەیەک ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی وەڵامە بۆ خشتەکەی
وەزارەتی دارایی فیدراڵ کە خەرجی و داهاتی هەرێم لەماوەی ئەم سێ ساڵەدا چەند بوە؟،
رێگەی دوەمیشیان ئەوەیە لیژنەیەکی سیاسی پێکهێنراوە و لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ
حکومەتی عێراق لەسەر هێڵن بۆئەوەی ئەم کێشەیە تا هەفتەی داهاتو چارەسەربکرێت و
موچەی مانگی ئایار رەوانە بکرێت، دواتر ئەگەر پێویستی کرد شاندی باڵای هەرێم دوای
جەژن دەچێتەوە بەغداد، لە یەکەم خاڵی گفتوگۆکاندا، بەدواداچون بۆئەو رێکەوتنە
دەکرێت کە لەمانگی یەکی ئەمساڵ لەنێوان وەزیری دارایی فیدراڵ و شاندی هەرێم،
واژۆکرا بۆ گرەنتیکردنی موچەی هەر 12 مانگەکەی ساڵی 2025.
بەپێی ئەو نوسراوەی وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردوەتەوە، بیانوەکان بۆ
نەناردنی موچە ئەوەیە: لەماوەی سێ ساڵدا (2023-2024-2025)، حکومەتی هەرێم بە داهاتی
نەوتی و نانەوتی نزیکەی 19 ترلیۆن دینار داهاتی هەبوە، بەڵام تەنها 560 ملیار
دیناری رادەستی بەغداد کردوە،بۆیە هەرێم رەسیدی نەماوە و لە پشکی خۆی زیاتری
وەرگرتوە.
سلێمانی- بڕیار نامیق
1213 جار خوێندراوەتەوە