ژنانی بزوتنەوەی گۆڕان بەشدارییان كردوە... كۆنفڕانسی پەرلەمانی ژنانی كورد دەستی بە كارەكانی كرد

KNN : Kurdish News Network
06:16 - 29/05/2025
کوردستان
+
-

بەمەبەستی روبەڕوبونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، یەكخستنی ریزەكانی كورد و پشتگیری كردن لە پڕۆسە ئاشتی لە توركیا، ژنانی پەرلەمانتاری كورد لە ئامەدی باكوری كوردستان كۆنفڕانسیان گرێداوە و شاندێكی بزوتنەوەی گۆڕانیش بەشداریان كردوە.

 

هەواڵ: (KNNC)


پەیام ئەحمەد، پەرلەمانتاری پێشوتری بزوتنەوەی گۆڕان بە (KNN)ـی رایگەیاند: كۆنفڕانسی پەرلەمانی ژنانی كورد لە ئامەدی باكوری كوردستان دەستی بەكارەكانی كردوە و شاندێكی پەرلەمانتارانی بزوتنەوەی گۆڕانیش كە لە (پەیام ئەحمەد، مونیرە عوسمان، كوێستان هەمەوەندی و گێلاس محییەدین) پێكهاتبون، لەگەڵ سەرجەم ژنانی پەرلەمانتار لە هەرێم و عێراق و توركیا لە هەرچوار پارچەی كوردستان بەشدارییان كردوە.


وتیشی: ژمارەیەك تەوەر لە كۆنفرانسەكەدا گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، كە یەكێكیان یەكڕیزی ژنانە بەرامبەر بە ئەو توندوتیژیانەی بەرامبەریان ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لەسەر خەباتی هاوبەش هاوهەڵوێست بون.


رونیكردەوە، یەكێكی دیكە لە تەوەری كۆبونەوەكانی كۆنفڕانسی پەرلەمانی ژنانی كورد، كاركردنی ژنانە بۆ یەكخستنی ریزەكانی كورد و پشتگیری كردن لە ئەو پڕۆسە ئاشتییەی كە لە ئێستادا لە توركیا بانگەوازی بۆ دەكرێت.


پەرلەمانتارەكەی پێشوتری بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، لە كۆبونەوەكاندا جەخت كرایەوە لەئەوەی بەشداری كردنی ژنان لە پڕۆسەی سیاسیدا تەنها بە دەستكەوتێكی رەمزی لێی نەڕوانرێت، بەڵكو دەبێت ژنان بە كردەیی بەشداری پۆسەی سیاسیی بكەن و كاریگەری خۆیان لەسەر بڕیارەكان هەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش راسپاردەی كۆنفڕانس دەبێت وەرچانبێت بۆ تێكۆشان و ئازادی و یەكسانی ژن لە هەمو كوردستاندا.

151 جار خوێندراوەتەوە