كەشناسی سلێمانی: رێژەی كەمبارانی ئەمساڵ لەنێوان (20% بۆ 65%)ـدایە

KNN : Kurdish News Network
04:50 - 24/05/2025
کوردستان
+
-

كەشناسی سلێمانی رێژەی باران بارینی ژمارەیەك لە ناوچە جیاوازەكانی بڵاوكردەوە كە بەراورد بەبڕی باران بارینی ساڵانە، رێژەی كەمبارانی ئەمساڵ لەنێوان (20% بۆ 65%)ـدایە.


هەواڵ: (KNNC)


بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی رایگەیاند: بەهۆی گۆڕانی كەشوهەوا و كەمبونەوەی بڕی باران بارین لە ئەمساڵدا، دابارین لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كەمبوە و بەپێی زانیارییە تۆماركراوەكان تێكڕای باران بارینی ساڵانە لە قەزای رانیە (761) ملمە، ئەمساڵ تەنها (264.1) ملم باریوە، بەراورد بەتێكرای ساڵانەی دابارین (35%)ـە و لە (65%) كەمتر باریوە.


رونیكردوەتەوە؛ قەزای پێنجوێن كە تێكڕای باران بارینی ساڵانە لە هەزار و (34) ملم زیاترە، ئەمساڵ  بڕەكەی بۆ (545.1) ملم دابەزیوە، بەوەش رێژەی جیاوازی باران بارینی ئەمساڵ بە تێكرایی دابارین لە (53%)ـیە.


ئەوەیخستوەتەڕو، بەپێی زانیارییە تۆماركراوەكان زۆرترین باران لە قەزای كەلار بەبڕی (229.8) ملم باریوە لەكاتێكدا تێكڕای باران بارینی ساڵانە (288) ملمە، كە بەراود بەبڕی باران بارینی ئاسایی لە (80%)ـی باریوە.

 

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بری باران بارینی ئەمساڵ لە پارێزگای هەڵەبجە (423.2) ملم بوە، بەڵام تێكڕای باران بارین لەو پارێزگایە (629) ملمە، بەوەش بەڕێژەی لە (67%)ـی تێكڕای دابارین باریوە.

 

308 جار خوێندراوەتەوە