عیدان ئەلێکساندەر وردەکارییەکانی دەستبەسەرکردنی خۆی دەگێڕێتەوە

KNN : Kurdish News Network
07:46 - 21/05/2025
هەمەڕەنگ
+
-

لە راپۆرتێكی كەناڵی (12)ـی ئیسرائیل، سەربازێكی دیل لە گرتوخانەكانی بزوتنەوەی حەماس چیرۆكی ژیانی ئەو ماوەی خۆی دەگێڕێتەوە.  


هەواڵ: (KNNC)


ئەمڕۆ چوارشەممە، کەناڵی (12)ـی ئیسرائیلی چیرۆكی كاتی دیلییەكەی عیدان ئەلێکساندەر، سەربازە ئازادکراوەکەی بڵاوكردەوە كە تیایدا رایگەیاندوە: لە بارودۆخی سەختدا بوە و سەرباری ئەوەی بەردەوام لە ناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە دەگوازرایەوە، ماوەیەکیش لە شەقامەکانی غەززە ژیاوە.


لەوەڵامی پرسیارێکی یۆئاڤ گالانت، وەزیری پێشوی بەرگری ئیسرائیل، وتی: دەیزانی لە پێناو ئازادكردنیدا  هاوڕێکانی لەیەکەی جۆلانی دەجەنگن، بۆیە بەردەوام هەستی كردوە كە ئەركێكی لەسەر شانە و دەبێت بەزیندویی بمێنێتەوە.


رونیکردوەتەوە، بەردوام لە جوڵەبون و لەناوچەیەكەوە بۆ ناوچەیەكی دیكە گواستراونەتەوە، هیچ كەسێك سەرنجی دیلەكانی نەداوە، لەنێوان شوقە، مزگەوت و تەنانەت لەسەر شەقامی ژیانیان بەسەر بردوە و تەنانەت لەسەر شەقامەكانیش خەوتون.


دەشڵێت: دۆخی تونێلەکان لەڕادەبەدەر سەخت بوە، بەهۆی گەرمای زۆرەوە دەبەی خۆراکیش لە هاویندا تەقیوەتەوە، بۆیە دەبێت هەوڵەكانیان بۆ ئازادكردنی ئەو بارمتانەی لە زیندانییەكانی بزوتنەوەی حەماس ماونەتەوە چڕبكەنەوە.


لە راپۆرتەكەدا عیدان ئەلێکساندەر، ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، لەكاتی گواستنەوەیاندا هەندێك جار نزیك بونەتەوە لە سەرکردە باڵاکانی بزوتنەوەی حەماس، لەنێویاندا یەحیا سینوەر، سەرکردەی پێشوی  بزوتنەوەكە كە بە(ئەندازیاری هێرشەکەی 7ـی ئۆكتۆبەری 2023) ناوی هێناوە، دواتر لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە کوژراوە.


ئەلێکساندەر بەجلوبەرگی سەربازییەوە لە رۆژی (7ـی تشرینی یەكەمی 2023) لە رۆژهەڵاتی خان یونس  دەستگیرکرا، دواتر و لەكاتی ئازادكردنیدا حەماس رایگەیاند: ئازادكردنی سەربازە ئەمەریكییە – ئیسرائیلییەكە هەنگاوێک بۆ چڕكردنەوەی هەوڵە سیاسییەکانی بە سەرکردایەتی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی غەززە.

362 جار خوێندراوەتەوە