کەشناسی پێشبینیکردنی هەڕەمەکی نییە، بەڵکو زانستێکی وردە لەسەر بنەمای پێوانە بەردەوامەکانی بەرگەهەوا و شیکاری بیرکاری ئاڵۆز. بیرۆکەی بنەڕەتی سادەیە: ئەگەر بە وردییەکی بەرز دۆخی ئێستای هەوا بزانین، دەتوانین پێشبینی ئەوە بکەین کە لە چەند کاتژمێرێک یان چەند ڕۆژێکدا چۆن دەگۆڕێت.
هەواڵ:KNNC
پرۆسەکە لەسەر زەوی دەستپێدەکات، کە هەزاران وێستگەی کەشناسی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاوبوونەتەوە. ئەم وێستگانە توخمە سەرەکییەکانی وەک پلەی گەرمی، پەستانی بەرگەهەوا، شێ، خێرایی با و ئاراستە دەپێون. ئەم بەهایانە پێمان دەڵێن ئایا هەوا جێگیرە یان تووشی دروستبوونی هەور و زریان دەبێت، چونکە تەنانەت گۆڕانکارییەکی بچووک لە پەستان یان پلەی گەرمیدا دەتوانێت سەرەتای تێکچوونێکی گەورەی کەشوهەوا بێت.
بەڵام ئەوەی لە نزیک ڕووی زەوی ڕوودەدات بەس نییە. بۆیە ڕۆژانە باڵۆنەکانی کەشوهەوا کە ئامێری ئاڵۆزیان هەڵگرتووە هەڵدەدرێن و دەیان کیلۆمەتر بەرەو بەرگەهەوا بەرزدەبنەوە. لەگەڵ بەرزبوونەوەیاندا، زانیاری دەربارەی بەرگەهەوای سەرەوە دەگوازنەوە، کە زانیارییەکی گرنگە بۆ تێگەیشتن لە دروستبوونی سیستەمی پەستانی نزم و جووڵەی سیستەمی پەستانی بەرز.
لە بۆشایی ئاسمانەوە مانگە دەستکردەکان بەردەوام چاودێری هەسارەکەمان دەکەن. ئەم مانگە دەستکردانە نەک تەنها وێنەو دیمهنی جوان دەگرن بەڵکو پلەی گەرمی هەورەکان و ڕێژەی هەڵمی ئاو و چالاکیی زریانەکان و تەنانەت پلەی گەرمی زەریاکان دەپێون. لەبەر ئەوەی زەریاکان بزوێنەرێکی سەرەکی کەشوهەوان، هەر گۆڕانکارییەک لە پلەی گەرمیدا رووبدات ڕاستەوخۆ لە بەرگەهەوادا ڕەنگ دەداتەوە.
دوای کۆکردنەوەی ئەم بڕە زۆرەی زانیارییە، کۆمپیوتەرە گەورەکان دێنە گۆڕەپانەکەوە. ئەوان زانیارییەکان دەخەنە ناو هاوكێشهی بیرکارییەوە کە نوێنەرایەتی یاساکانی فیزیا دەکەن کە جوڵەی هەوا بەڕێوەدەبەن، وەک هاوکێشەکانی جووڵە و وزە و گواستنەوەی گەرمی. ئەم مۆدێلانە هەنگاو بە هەنگاو، کاتژمێر بە کاتژمێر داهاتوو ھاوشێوە دەکەن و نەخشەی پێشبینی کەشوهەوا بەرهەم دەھێنن.
بەڵام بۆچی پێشبینییەکان هەندێک جار هەڵەن؟ چونکە بەرگەهەوا سیستەمێکی بەڕواڵەت پشێو و لە هەمان کاتیشدا هەستیارە و هەر هەڵەیەکی بچووکی پێوانەکردن دەتوانێت بە تێپەڕبوونی کات گەورەتر بێت. بۆیە پێشبینییەکان بۆ ئەمڕۆ یان سبەی تاڕادەیەک وردن، لەکاتێکدا وردبینی کەم دەبێتەوە لەگەڵ نێپهڕبوونی كاتدا.
بە کورتی کەشناسی تێکەڵەیەکی سەرسوڕهێنەرە لە فیزیا و بیرکاری و مانگی دەستکرد و كۆمپیوتهره پێشكهوتوهكان"كه تاکە مەبەستی ئەوەیە پێمان بڵێت هەوای دەوروبەرمان چی دەکات بهر لهوهی بیكات.
372 جار خوێندراوەتەوە