پارێزگای هەولێر: دووسایدی خێرای هەولێر-کۆیە لەماوەی ساڵێکدا تەواو دەکرێت

KNN : Kurdish News Network
03:28 - 23/06/2026
کوردستان
+
-

کارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ستراتیژیی ڕێگای دووسایدی (هەولێر – کۆیە) بەردەوامە و تا ئێستا لە سەدا 35ـی کارەکانی تەواوبووە و 13 کیلۆمەتریش لە ڕێگاکە بەتەواوی قیرکراوە، ئیدارەی پارێزگای هەولێریش رایگەیاند، لەماوەی کەمتر لە ساڵێکدا کارەکانی تەواو دەکرێت.

 

بەپێی راگەیەندراویکی پارێزگای هەولێر پڕۆژەکە، کە یەکێکە لە گەورەترین پڕۆژەکانی ڕێگەوبان لە هەرێمی کوردستان، بە گوژمەی 683 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت. بە تەواوبوونی ئەم ڕێگەیە کە هەردوو پارێزگای هەولێر و سلێمانی بەیەکەوە دەبەستێتەوە، کەرتی بازرگانی و گەشتیاری لە ناوچەکەدا بووژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆیەوە دەبینێت و سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییانیش لە کاتی هاتووچۆدا مسۆگەر دەکات.

 

روونیشیکردووەتەوە: درێژیی ڕێگاکە 45 کیلۆمەترە و بە شێوازی دووسایدی خێرا دروست دەکرێت، کە هەر سایدێک لە سێ لاینی هاتووچۆ و لاینێکی فریاگوزاری پێکدێت. هاوکات پڕۆژەکە 11 بەرزەپرد و ژێرپرد، لەگەڵ چەندین ئاوبەر و دیواری ڕاگرتن لەخۆ دەگرێت، کە بەهۆیەوە ماوەی هاتووچۆی نێوان هەولێر و کۆیە بۆ تەنها 25 خولەک کەم دەکاتەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا تیمەکانی ئەندازیاری و کرێکاران بە دوو شەفت بە شێوەی شەو و ڕۆژ لە کارکردندان. هەرچەندە بەپێی گرێبەستەکە وادەی کۆتاییهاتنی پڕۆژەکە بۆ مانگی تەممووزی ساڵی 2028 دیاریکراوە، بەڵام بەهۆی خێرایی کارەکانەوە، هەوڵ دەدرێت تەنها لە ماوەی ساڵێکدا تەواوی پڕۆژەکە بەکۆتا بگەیەنرێت.

187 جار خوێندراوەتەوە