توێژەران بۆیان دەرکەوتوە بونی بەکتریایەک لەناو دەمدا رەنگە
هیوابەخش بێت بۆ ئەو نەخۆشانەی شێرپەنجەی سەر و ملیان هەیە.
تەندروستی:KNNC
لە نوێترین توێژینەوەدا لە بەریتانیا، پزیشکەکان بۆیان دەرکەوتوە
کە جۆرێکی باوی بەکتریای دەم و ددان کەناوی "فۆسۆباکتریۆم"ـە، دەتوانێت
هەندێک وەرەمی شێرپەنجەیی چارەسەر بکات و هۆکار بێت بۆ لەناوبردنیان.
توێژینەوەکە لە لەندەنی پایتەخی بەریتانیا ئەنجامدراوە،
ئەنجامەكەی ئەوەی دەرخستوە ئەو کەسانەی شێرپەنجەی سەر و ملیان هەیە، ئەگەر رژێنە شێرپەنجەییەکانیان
بەر بەکتریای "فۆسۆباکتریۆم" بکەوێت، ئەوە ئاسانتر دەتوانرێت چارەسەر
بکرێن.
لەوباریەوە، دکتۆر میگێل ڕێیس، توێژەری سەرەکی كە راوێژکاری
شێرپەنجەی (سەر و مل)ـە، لە نەخۆشخانەکانی گای و سانت تۆماس دەڵێت: لە توێژینەوەكە
دەریخستوە؛ کاتێک بەکتریاكانی (فۆسۆباکتریۆم) لە شێرپەنجەکانی سەر و ملدا دەبینرێن،
نەخۆشەکان دەرئەنجامی چارەسەرکردنیان زۆر باشترە.
وتوشیەتی: یەكێكی دیكە لە ئەنجامەكان كە توێژینەوەكە دەریخستوە،
لە کاتی تەشەنەسەندی خانەکانی بەکتریاکەدا، وەرەمە شێرپەنجەییەکانی نەخۆشەكە لە ناودەچن.
توێژەرانی زانکۆی (گایز، کۆلێژی سانت تۆماس و کینگ)
ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە، فۆسۆباکتریۆم جۆرێکە لە بەکتریا کە بە زۆری لە خانەکانی لیکی دەمدا هەیە، بۆ لە لەناوبردنی
بەشێك لە خانە شێرپەنجەییەکان کاریگەریی هەیە.
دکتۆر میگێل راشیگەیاند: لێكۆڵینەوە دەكەن كە چۆن میکرۆبێکی
بچوک دەتوانێت دەرئەنجامی چارەسەرکردن لەناو شێرپەنجەدا باشتر بکات، هەروەك وتیشی:
سەریان سوڕماوە لە دۆزینەوەی تواناکانی بەکتریای "فوسۆباکتریۆم" کە بەکتریایەکی
باوی ناو دەمە.
ئەو دکتۆرە
ئاماژەی بەوەشکردوە؛ بۆ وردبونەوە لە توانا و چۆنیەتی هاوكاری كردنی بەکتریای
"فۆسۆباکتریۆم" لە چارەسەركردنی ئەو جۆرە شێرپەنجەدا، سەرقاڵی توێژینەوەیەكی
نوێن و چاوەڕی دەكرێت دەرئەنجامی نوێی هیوابەخش دەستبکەوێت.
1052 جار خوێندراوەتەوە