کۆمەڵێک زانیاری هەڵەی باو دەربارە خۆراک

KNN : Kurdish News Network
09:49 - 25/05/2025
تەندروستی
+
-

د. کامەران رەسوڵ ژاژڵەیی، پسپۆڕی زانستی خۆراک بابەتێکی بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت: رۆژانە زانیاری هەڵە و دور لە راستی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاودەکرێنەوە کە هیچ بەڵگەیەکی زانستی باوەڕپێکراو نییە کە راستی ئەو زانیارییانە پشتڕاستبکاتەوە، هەروەها باسی ئەو زانیارییە هەڵانە دەکات کە دەربارەی خۆراک بڵاودەکرێنەوە...

 

1-خواردنی بڕێکی زۆر له‌ ڤیتامین سی ( C ) ناهێڵێت توشی هه‌ڵامه‌ت و په‌تا ببیت؛ ئەمە هەڵەیە، چونکە لەراستیدا نیشانه‌کانی په‌تا و هه‌ڵامه‌ت به‌ ڕێژه‌یه‌کی ساده‌ که‌م ده‌کاته‌وه،‌ به‌ڵام ڕێگر نیه‌ له‌ توشبون پێی، بەڵکو زۆر خواردنی دەرمانی ڤیتماین سی رەنگە بەردی گورچیلە دروست بکات.

 

 2- خواردنی شیرینی و شه‌کر ده‌بێته‌ هۆی زۆر جوڵه‌ و که‌می ته‌رکیز له‌ مناڵاندا؛ منداڵان خۆیان بریتین له‌ چالاکی و وه‌زه‌ی به‌رده‌وام؛ بێگومان شه‌کری دروستکراو زۆر خواردنی خراپه‌ بۆ هه‌موو ته‌مه‌نێک.

 

3ـ ئه‌گه‌ر بته‌وێت کێشت دابه‌زێت نابێت کاربۆهێدرات بخوێت، کاربۆهیدرات جۆری زۆرە و بەشێکی بەرچاویان نابنە هۆی زیادبونی کێش؛ له‌ ڕاستیدا هه‌رجۆرێک خۆراک بخورێت؛ له‌ ناو له‌ش ده‌گۆڕێت بۆ وزه‌ و ئه‌گه‌ر له‌ پێویستی له‌ش زیاتر بوو وه‌ک چه‌وری له‌ش هه‌ڵده‌گیرێت، واته‌ چه‌ندی لێ ده‌خورێت و چه‌ندی لێبه‌کاردێت،( تەنها لە ڕێجیمی لۆکاب و کیتۆ و هاوشێوەکانی نەبێت.

 

4ـ دوربکەوەرەوە‌ له‌ خواردنی نانی گه‌نم و ئه‌و شتانه‌ی له‌ گه‌نم دروست ده‌کرێن، چونکه‌ زیانیان هه‌یه‌؛ له‌ ڕاستیدا ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م له‌ مرۆڤه‌کان هەستیارییان به‌ پڕۆتینی گلۆتین هه‌یه‌ که‌ له‌ گه‌نمدا هه‌یه‌ و زۆر له‌وه‌ که‌متریش منداڵ هه‌یه‌ نه‌خۆشی گه‌نمیان هه‌یه‌ که‌ به‌ نه‌خۆشی سلیاک ناسراوه‌ و پشکنینی خوێنی تایبه‌ت و هه‌ناوبینی ڕیخۆڵه‌یان پێویسته‌ بۆ ده‌ستنیشانکردنی، گۆڕینی ئاردی سپی بە ئاردی بۆر هەنگاوێکی زۆر باشە.

 

5- شیری مانگا خراپه‌ و ناته‌ندروسته‌ و نابێت بخورێته‌وه‌؛ له‌ ڕاستی دا چه‌وری ناو شیر خراپه‌ و زیانی هه‌یە، بۆیه‌ باشترە شیری که‌م چه‌وری یان بێ چه‌وری بخورێت،هه‌ندێک مناڵ هەستیارییان به‌ شیری مانگا هه‌یه‌ و به‌شی زۆریان دوای ماوه‌یه‌ک باش ده‌بن، کەسانێکی تر کە کێشەی هەرسنەکردنی لاکتۆزیان هەیە ئەوانەش نابێ بیخۆنەوە؛ به‌ڵام زۆربه‌ی پسپۆڕه‌کان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان ڕۆژانه‌ له‌ دوو په‌رداخ زیاتر هیچ جۆره‌ شیرێک نه‌خورێته‌وه‌.

 

6- خواردنی میوه‌ شه‌وانه‌ خراپه‌ و کێش زیاد ده‌کات؛ له‌ ڕاستیدا میوه‌ و سه‌وزه‌ باشترین بژارده‌ن که‌ شه‌وان بخورێت له‌ کاتی برسیه‌تی به‌ مه‌رجێک زۆری لێ نه‌خورێت و باشتره‌ پێش خه‌وتن به‌ دو کاتژمێر هیچ خۆراکێک نه‌خورێت له‌ به‌ر تێکچونی خه‌و.

599 جار خوێندراوەتەوە