ئەمەریکا هێزى زیاتر رەوانەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکات

KNN : Kurdish News Network
08:21 - 12/08/2024
جیهان
+
-

وەزارەتى بەرگریی ئەمەریکا ئاشکرایکرد؛ لەسەر فەرمانى وەزیرى بەرگریی موشەکى ژێردەریایی رەوانەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست دەکرێت، ئەمەش لە نێوەندى ئەو گرژییەى رۆژهەڵاتى ناوەڕاستى گرتوەتەوە.

 

هەواڵ:KNNC

 

بەپێی بەیاننامەیەکى وەزارەتى بەرگرى ئەمەریکا (پنتاگۆن)، لوید ئۆستن، وەزیرى بەرگریی ئەمەریکا فەرمانیکردوە بە ناردنى موشەکى ژێردەریایی و داواشى کردوە خێرا بکرێت بۆ ناردنى کەشتى فرۆکەهەڵگرى جۆرى ئەبراهام لینکۆلن.

 

ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە کە لە پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا لەگەڵ یواف گالانت، هاوتا ئیسرائیلییەکەى ئۆستن دوپاتى کردوەتەوە کە هەمو هەنگاوێک دەگرنەبەر بۆ پاراستن و بەرگریی لە ئیسرائیل.

 

هەروەک ئەوەش باسکراوە کە ئەمەریکا جەخت دەکاتەوە لە بەهێزکردنى تواناکانى لە تەواوى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەتایبەت لەم دۆخە هەستیارەى ناوچەکەى پێدا تێدەپەڕێت.

 

لەدواى کوشتنى ئیسماعیل هەنیە و فوئاد شوکر تا ئێستا ئەمەریکا 12 کەشتیی جەنگى بەرەو رۆژهەڵاتى ناوەڕاست رەوانە کردوە و زیاتر لە چوار هەزار سەربازی هێزى دەریایشی لەو ناوچانە جێگیر کردوە.


170 جار خوێندراوەتەوە