قەیسی، یەكێكە لە میوە بەتامەكانی وەرزی هاوین
كە دەوڵەمەندە بە کاربۆهیدرات، ڤیتامین و هەندێک لە کانزاکان، توێژینەوە نوێكان
ئاماژەیان بۆ ئەوە كردوە؛ قەیسی دەوڵەمەندە بە ڕیشاڵی تواوە کە کۆلیسترۆڵی خوێن کەمدەکاتەوە
و شەکر لە ئاستی ئاساییدا دەهێڵێتەوە.
تەندروستی:KNNC
ماڵپەڕی (لیزا)ی روسی بڵاویکردوەتەوە، قەیسی پۆتاسیۆمی
تێدایە کە سودی بۆ خوێنبەرەکان هەیە، هەروەها بڕێکی کەم لە کانزاکانی وەک فسفۆڕ و
ئاسن و کالیسیۆم و مەگنیسیۆمی تێدایە، هەروەها رێژەیەکی باشی ئەو ڕیشاڵە دابین دەکات کە
جەستە لە پرۆسەی هەرسکردندا پێویستی پێیەتی، دەوڵەمەندیشە بە ڕیشاڵی تواوە کە کۆلیسترۆڵی
خوێن کەمدەکاتەوە و شەکر لە ئاستی ئاساییدا دەهێڵێتەوە.
هەروەها، بڕێكی باش دژە ئۆکسێنەر و ڤیتامین (A – B - C)ـی تێدایە جگە لە فلاڤۆنۆید کە سودی بۆ
تەندروستی هەیە.
دیارترین سودە تەندروستییەکانی قەیسی:
1-یارمەتی بەهێزکردنی چاو دەدات و دەیپارێزێت لە گۆڕانکارییەکانی پەیوەست بە پیربون، ئەمە جگە لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی ژینگە، سترێس و شێوازی ژیانی ناتەندروست.
2- سودبەخشە بۆ تەندروستی کۆئەندامی دڵ و خوێنبەرەکان.
3- کارکردنی کۆئەندامی هەرس باشتر دەکات، بەهۆی ریشاڵەوە جوڵەی ریخۆڵەکان
ئاسان دەکات، بۆ ئەو کەسانەی کە بەدەست قەبزی و سکچونەوە دەناڵێنن، پزیشکان ئامۆژگارییان
دەكەن قەیسی بخۆن.
4- تەندروستی پێست باشتر دەکات بەهۆی ئەو ڤیتامینە بیانەی کە تێیدایە، کە
گرنگییەکی ئەوتۆی هەیە لە خێراکردنی پرۆسەی دووبارە دروستبوونەوەی خانەکانی پێست.
5 -یارمەتی شێدارکردنی جەستە دەدات، لەبەر
ئەوەشە كە پسپۆڕانی خۆراك رێنمایی وەرزشەوانان دەكەن كە دوای راهێنانەكانیان قەیسی
بخۆن.
6- توێژینەوە نوێكان ئەوەیان دەرخستوە كە ئەگەری تووشبون بە نەخۆشی زەهایمەر
کەمدەکاتەوە.
كێ نابێت قەیسی بخوات؟
لەبەر چەند هۆكارێك پیسپۆڕانی خۆراك ئامۆژگاری
هەندێ كەس دەكەن خۆیان لە خواردنی قەیسی بەدور بگرن و ئەگەر خواردیشیان بەبڕێكی زۆر
كەم بخۆن، ئەوانیش؛
1- توشبوانی نەخۆشی شەكرە، لەگەڵ ئەوەی قەیسی بڕێكی كەم كالۆری تێدایە،
بەڵام شەكری زۆرە، بۆیە تا دەكرێت توشبوانی نەخۆشی شەكرە خۆیان لە خواردنی قەیسی بەدور
بگرن.
2- ئەو كەسانەی كە نەخۆشی درێژخایەنی گەدە و ڕیخۆڵەیان هەیە وەك (برینی
گەدە، هەوکردنی پەنکریاس، هەوکردنی قۆڵۆن و هتد) پێویستە قەیسی لە لیستی خۆراكەكانیاندا
لاببەن.
3- کەسێک هەستیاری بە قەیسی هەیە، كە دەبێتە هۆی توشبونی بە کۆکە، ئاوی
لوت، ئاوسان و سوربونەوە خۆی لە خواردانی
بەدور بگرێت.
4- هەرچەندە توێژینەوەكان پشتراستیان نەكردوەتەوە، بەڵام پێدەچێت قەیسی
بۆ ئەو كەسانەی كێشەی گورچیلەیان هەیە گونجاو نەبێت، واباشترە پێش خواردنی راوێژ بە
پزیشکی تایبەت بکرێت.
قەیسی وشککراوە
کاتێک میوەکان وشک دەكرێتەوە ئاویان تیادا نامێنێت،
لەبەرامبەردا چڕیی کانزاکان زیاد دەبن، بۆیە سودەكانی خواردنی قەیسی بە تازەیی یاخود
بە وشككراوی جیاوازییەكی ئەوتۆی نییە، بەڵام رێژەی کالۆری لە قەیسی وشککراودا بەرامبەر
بە قەیسی تەڕو و تازە بەرزترە، ئەمەش وادەكات کە قەیسی وشککراوە یارمەتی دابەزاندنی
کێش نەدات.
چۆنیەتی هەڵگرتن و كۆگاكردنی قەیسی
ئەو قەیسیەی دەتەوێت كۆگای بكەیت، پێویستە رەنگی
پرتەقاڵی بێت و لەناو دەفرێکی شوشەی توند داخراودا و لە پلەی گەرمی خوار (10) پلەی سەدی كۆگابكرێت، ئەو
كاتە زیاتر لە (10) مانگ بەبێ لەدەستدانی بەها خۆراكییەكەی دەتوانرێت بەكاربهێندرێت.
یەكێكی دیكە لەڕێگەكانی هەڵگرتنی قەیسی بۆ وەرزەكانی
دیكە، بەستنییە، لەم حاڵەتەدا دەبێت قەیسیەکە بە پارچە بكرێت و لە دەفری شوشەدا لە
بەفرگر كۆگابكرێت، توێژینەوەكان ئەوەیان پشتراستكردوەتەوە كە؛ قەیسی بەستو سودی کەمتر نییە لە قەیسی تازە.
6103 جار خوێندراوەتەوە