پەرلەمان یاسای لێبوردنی گشتی دەردەکات؟

KNN : Kurdish News Network
10:24 - 23/07/2024
عێراق
+
-

پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و خوێندنەوەی یەکەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە (27) بۆ ساڵی (2016) دەکات كە لەلایەن لیژنەكانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤەوە پێشكەشكراوەو و لە دو ماددە پێکدێت.

 

هەواڵ:KNNC

بەپێی كارنامەی دانیشتنی رۆژی چوارشەممەی داهاتوی پەرلەمانی عێراق، پێنجەم تەوەری دانیشتنەكە بریتيە لە ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەكەم بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری دوەمی یاسای لێبوردنی گشتی ژمارە (27) بۆ ساڵی (2016) كە لەلایەن لیژنەكانی یاسایی و ئاسایش و بەرگری و مافی مرۆڤەوە پێشكەشكراوە و لە دو مادە پێكدێت.

 

یاسای لێبوردنی گشتی یەكێكە لەو یاسایانەی ماوەی چەند ساڵێكە مشتومڕی توندی لەنێوان پێكهاتەی سوننە و شیعە دروستكردوە, سوننەكان هێزە شیعیەكان بە دروستكردنی بەربەست بۆ تێپەڕاندنی یاساكە تۆمەتباردەكەن و دەڵێن ئاستەنگ بۆ ئازادكردنی هەزار زیندانی سوننە دروستدەكەن كە لەسەروبەندی ئازادكردنی ناوچە سوننیەكان لەدەستی داعش لەسەربنەمای هەواڵدەری نهێنی دەستگیركراون و لەژێر ئەشكەنجەو فشاردا دانپێدانیان لێوەرگیراوەو سزادراون، لەبەرامبەردا شیعەكان تێبینیان هەیە لەسەر یاساكە و پێیانوایە پەسەندكردنی یاساكە دەبێتە هۆی ئازادكردنی زۆرێك لەوانەی دەستیان هەیە لەڕشتنی خوێنی هاوڵاتیان عێراق.

 

تێپەڕاندنی یاسای لێبوردنی گشتی یەكێكە لە خاڵە سەرەكییەكانی رێككەوتنی پێكهێنانی حكومەتی سودانی كە لایەنە سوننیەكان لەسەروبەندی پێكهێنانی حكومەتدا لەگەڵ هێزە شیعیەكان واژویان كردوە بەڵام تائێستا نەچوەتە بواری جێبەجێكردنەوە.

1039 جار خوێندراوەتەوە