زۆری باران بارین و بەڵێنی زیادكردنی
بەردانەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە، جوتیارانی عێراق دەستبە چاندنەوەی مەرزە دەكەن
كە ماوەی دو ساڵە لێیان قەدەغە كراوە.
هەواڵ: (KNN)
مەهدی سەحەر جبوری، یاریدەدەری وەزیری
کشتوکاڵی عێراق راگەیاند: بەهۆی زۆری باران بارین لە ئەمساڵدا و لەسەر بنەمای ئەو
بەڵێنەی توركیا بە عێراقی داوە بۆ زیادكردنی بەردانەوەی ئاو، لەم وەرزەدا (150) کیلۆمەتر
چوارگۆشەی بۆ چاندنی مەرەزە تەرخانکراوە و بەپێی پێشبینییەكانیش توانای
بەرهەمهێنانی ئەو روبەرە دەگاتە (150) هەزار تۆن برنج.
وتیشی: حکومەتی عێراق هەوڵدەدات گۆڕانكاری
لە شێوازی ئاودێریدا بكات، بەبەکارهێنانی سیستەمی ئاودێری جێگیر و ئامێری تۆکردنی
میکانیکی پەنا بۆ شوێوازی سەردەمیانە ببات.
میدیا عێراقییەكان ئاشكرایانكرد، كە زانایانی
وەزارەتی کشتوکاڵ توانیویانە جۆرە مەرەزەیەكی نوێ بەناوی (ئەلغەری) پەرەپێبدەن کە
تێکەڵەیەک لە جۆرەکانی دیكەی مەرەزە و دەتوانرێت بە بەکارهێنانی ئاوڕێژکەری جێگیر
بچێنرێت و ئاوی کەمتر بەکاردەهێنێت بە بەراورد بەو جۆرانەی کە بە بەکارهێنانی رێگەی
تەقلیدی گەشەیان کردوە.
یاریدەدەری وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد،
ئەو جوتیارانەی شێوازی نوێ بۆ کشتوکاڵكردن وەك سیستەمی پرژاندن بەكاردەهێنن، هاندان
هاوشێوەی ئەو پاڵپشتییەی بۆ بەرهەمهێنانی گەنم پێشکەش دەکرێت، وەردەگرن ئەوەش لەپێناوی
بەرز کردنەوەی ئاستی بەرهەمەکانیانە.
لای خۆشیەوە، حسێن مەردان، ئەندامی لیژنەی
كشتوكاڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند: بۆ فراوانكردنی زەوییە
كشتوكاڵییەكان و زیادبونی بەروبورمەكان لە ساڵانی داهاتودا شێوازی نوێی ئاودێری
كەلە سیستەمی دڵۆپە پێكهاتوە بەكاردەهێنرێت.
ماوەی دو ساڵە بەهۆی كەمئاوییەوە
حكومەتی عێراق كشتوكاڵكردنی مەرەزەی لە جوتیاران قەدەغە كردوە، شارەزایانی
كەشوهەوا ئاماژەیان بۆ ئەوەكردوە؛ بەهۆی دروستكردنی بەنداوەكانی توركیا و ئێرانەوە
قەیرانی كەمئاوی روی لە وڵات كردوە،
هەروەها گۆڕانی كەشتوهەواو كەمی باران بارین دۆخەكەی بۆ جوتیاران قورستركردوە.
296 جار خوێندراوەتەوە