بەڕێوەبەرایەتی کارەبا هاوبەشان لە مەترسی بڕینی کارەبا ئاگادار دەکاتەوە

KNN : Kurdish News Network
08:01 - 06/10/2026
کوردستان
+
-

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارەبای سلێمانی هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان کە ئەگەر لە ماوەی 50 ڕۆژ لە دەرچوونی پسوولە پارەی مانگانەی کارەبا نەدەن، کارەباکەیان دەبڕدرێت. هاوکات ئاشکرای دەکات، دوای 18ی تشرینی یەکەمی 2026 و کۆتاییهاتنی لێخۆشبوون، قەرزی کۆن دەکرێتە قیستی مانگانە و بەشێوەی زۆرەملێ وەردەگیرێتەوە، نەدانیشی دەبێتە هۆی بڕینی کارەبا.

 

لەلایەکی دیکەوە، ئەو هاوبەشانەی پێوەری زیرەکیان هەیە و لینک نەکراوە، یان ئەوانەی بەبێ مامەڵەی فەرمی کارەبا بەکاردەهێنن، ڕووبەڕووی بڕینی کارەبا دەبنەوە. کارەبای سلێمانی داوا دەکات هاووڵاتییان هاوکاریی تیمەکانیان بن بۆ بەستنی پێوەرەکان و خۆیان بەدوور بگرن لە تێکەڵبوونی هێڵەکانیان لەگەڵ ماڵانی دراوسێ.

 

بۆ چارەسەری کێشەکانیش، هەر ماڵێک دوای پێدانی پارە لە ماوەی 24 کاتژمێردا کارەبای بۆ نەگەڕایەوە، دەتوانێت پەیوەندی بە ژمارە (1992)ـەوە بکات. بۆ ئەم مەبەستەش تیمەکانی کارەبا ڕۆژانە تا کاتژمێر 12ی شەو لە ئەرکدان بۆ گەڕاندنەوەی کارەبای ئەو ماڵانە.

166 جار خوێندراوەتەوە