وادەی کوژاندنەوەی تاوەرەکانی کۆڕەک بۆ ماوەی مانگێک درێژکرایەوە

KNN : Kurdish News Network
06:44 - 06/10/2026
عێراق
+
-

دەستەی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی عێراق، وادەی کوژاندنەوەی تاوەرەکانی کۆڕەکی بۆ ماوەی مانگێک درێژکردەوە. ئەم بڕیارەش لەسەر داوای لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەکانی پەرلەمان دراوە، بۆ ئەوەی بەکارهێنەران کاتی تەواویان هەبێت بۆ پاراستنی هەژمارە دیجیتاڵییەکانیان.

 

بەپێی بڕیارە نوێیەکە، وادەی کۆتایی بۆ کوژاندنەوەی تاوەرەکانی ئەو کۆمپانیایە تاوەکو 1ی تشرینی دووەمی 2026 درێژکراوەتەوە، کە پێشتر بڕیاربوو لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا جێبەجێ بکرێت. دەستەکە هۆشداری دەداتە بەکارهێنەران کە ئەو مۆڵەتە وەک دەرفەتێک بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکان بەکاربهێنن.

 

دەستەکە داوا لە هاووڵاتییان دەکات، ژمارەکانی ئاسیاسێڵ یان زەین عێراق لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکەنە جێگرەوەی ژمارەکانی کۆڕەک بۆ وەرگرتنی کۆدی پاراستن. هەروەها ئامۆژگارییان دەکات ئیمەیڵ و ئەپڵیکەیشنەکانی پاراستنیش (Authenticator) بۆ گەڕاندنەوەی هەژمارەکانیان کارا بکەن.

 

دەستەی ڕاگەیاندن جەخت دەکاتەوە کە ئەم ڕێکارانە بە مانای داواکردن بۆ فڕێدان یان لەناوبردنی سیمکارتەکانی کۆڕەک نایەت. بەڵکو ئامانج لێی تەنها پاراستنی مافی بەکارهێنەران و پاراستنی گەیشتنیانە بە هەژمارەکانیان، پێش ئەوەی ڕێکارە یاساییەکان لە دوای ١ی تشرینی دووەمەوە جێبەجێ بکرێن.

85 جار خوێندراوەتەوە