كونسوڵخانەی ئەمەریكا: شەرەفمەندین كە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان_مان بینی

KNN : Kurdish News Network
04:49 - 18/07/2024
کوردستان
+
-

کونسوڵخانەی ئەمەریکا لە پێگەی فەرمی خۆی بڵاویكردوەتەوە: شەرەفمەندین كە بەرپرسانی بزوتنەوەی گۆڕان-مان بینی و  هاوڕابوین هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان لە (20ـی ئۆكتۆبەر) بەڕێوەبچێت.


هەواڵ: (KNNC)


دوای كۆتایی هاتنی كۆبونەوەكەیان لە مەكۆی سەرەكی، مارک سترۆ، کونسوڵى گشتى ئەمەریکا لە هەرێمى کوردستان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (X) رایگەیاند: شەرەفمەندبوین بە بینینی بزوتنەوەی گۆڕان و عومەر سەید عەلی لە سلێمانی كە هەردولامان هاوڕابوین لەسەر گرنگیی بەڕێوەچونی هەڵبژاردنێكی ئازاد و بێگەرد بۆ پەرلەمانی كوردستان لە (20ـی ئۆكتۆبەری 2024).


پێشتر، دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند: ئەجێنداى کۆبونەوەکەیان لەگەڵ شاندەکەى ئەمەریکا تایبەت بو بە پرسە هەنوکەییە سیاسییەکانى پەیوەندیدار بە هەرێمى کوردستان و عێراق کە کاریگەرییان هەیە لەسەر پرۆسەى سیاسیی لە هەرێمى کوردستان و عێراق.


وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ئاماژەی بۆ ئەوكردبو، کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى بە بایەخەوە لە بەرەوپێشچونى پرۆسەى هەڵبژاردن و پاک و بێگەرد و گەڕاندنەوەى متمانەى هاوڵاتییان دەڕوانێت و کونسوڵى گشتى ئەمەریکاش جەختى کردوەتەوە کە پرۆسەى هەڵبژاردن خاڵى سەنتەریی ئەمەریکایە.

337 جار خوێندراوەتەوە