"بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵی شكست پێهێنانی دانوستان دەدات"

KNN : Kurdish News Network
04:12 - 18/07/2024
جیهان
+
-

لە سێ هێرشی جیادا بۆ سەر كەرتی غەززە لە فەلەستین، سوپای ئیسرائیل زیاتر لە (50) كوشتن و بریندار كردنی (90) كەسی دیكەی ئەنجامداوە، هەروەها تانك و زرێپۆشەكانیشی لەسەر  لوتكەی چیاكانی رۆژئاوای شاری رەفەح جێگیر كردوە و كەناڵی جەزیرە ئاشكرایكردوە؛ بنیامین ناتانیاهۆ هەوڵ بۆ شكست پێهێنانی ئاگربەست دەدات.


هەواڵ: (KNNC)


میدیا عەرەبییەكان بڵاویانكردەوە؛ بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە (286)ـهەمین رۆژی جەنگی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، سوپای ئیسرائیل سێجار هێرشی كردوەتە سەر چەند ناوچەیەكی كەرتی غەززە و بەچڕی بۆردومانی باكور و باشوری كەرتەكەی كردوە، كە بەهۆیەوە زیاتر لە (54) گیان لەدەستدان و  برینداربونی (95) كەسی دیكەی لێكەوتوەتەوە.


لەسەر زاری دانیشتوانی شاری (رەفەح)ـەوە رۆژنامەی شەرقلئەوسەت راگەیاندوە: تانك و زرێپۆشەكانی سوپای ئیسرائیل گەیشتونەتە رۆژئاوای شارەكەوە لە لوتكەی گرد و چیاكان جێگربون.


ئەوەشیان بە شەرقلئەوسەق وتوە: سوپای ئیسرائیل توانیویانە چەند تونێلێكی نهێنیی بزوتنەوەی حەماس لە شاری رەفەح بدۆزنەوە و ژمارەیەك چەكدارێكی حەماسییان تیادا كوشتوە.


بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی غەززەوە بڵاودەكرێنەوە، لە (7ـی ئۆكتۆبەری ساڵی 2023)ـوە تا ئێستا (38) هەزار و (848) كەس گیانیان لە دەستداوە و (89) هەزار و (459) كەسی دیكە برینداربون، ئەمە بێجگە لە ئەو كەسانەی كە تا ئێستا لەژێر داروپەردوەی باڵە خانەڕوخاوەكاندا ماونەتەوە.

لای خۆیەوە بەرگری شارستانی كەرتی غەززە رایگەیاند: بەهۆی هێرشە بەردەوامەكان و رێگرییەكانی سوپای ئیسرائیل تا ئێستا نەتوانراوە بەهانای ئەو كەسانەوە بچن كە لەژێر تەلار و باڵاخانەكاندا بە برینداری ماونەتەوە و رزگاریان بكەن.



هاوكات، كەناڵی ئەلجەزیرە ئاشكرایكردوە، بەهۆی ناكۆكییە ناوخۆییەكانییانەوە، گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل هۆشداریاندا کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ گەیشتن بە ئامانج و بەرژەوەندییە سیاسییەكانی هەوڵ بۆ تێكدانی دانوستانەكان و هەڵوەشاندنەوەی ئاگربەست ئاڵوگۆڕكردنی دیلەكان دەدات.

305 جار خوێندراوەتەوە