ئەرجەنتین بۆ 16ـهەمین جار نازناوى کۆپا ئەمەریکاى بەدەستهێنا

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 15/07/2024
وەرزش
+
-

ئەرجەنتین دواى دوو تایمى زیادکراو بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر لە کۆڵۆمبیاى بردەوە و بۆ 16ـهەمین جار نازناوى کۆپا ئەمەریکاى بەدەستهێنا.

 

وەرزش:KNNC

 

لە یارى کۆتایى جامى نەتەوەکانى ئەمەریکاى باشورى 2024، کە بە کۆپا ئەمەریکا ناسراوە و لە یاریگاى هارد رۆک لە شارى مەیامى ئەمەریکا بەڕێوەچو، هەردوو هەڵبژاردەى ئەرجەنتینى هەڵگرى نازناوەکە و کۆڵۆمبیا روبەڕوى یەکبونەوە.

 

بە درێژایى 90 خولەکى کاتى یاسایى یارییەکە، کە کۆڵۆمبیا تا رادەیەک کۆنتڕۆڵى تۆپى کردبو، بەڵام هیچکام لە هەڵبژاردەکان لە تۆمارکردنى گۆڵدا سەرکەوتو نەبون و بە یەکسانى و بەبێ گۆڵ کۆتایى هات، ئەمە لە کاتێکدا لیۆنێل مێسى لە خولەکى 66دا بەهۆى پێکانێکى قورسەوە یاریگاى بەجێهێشت.

 

دواتر پەنا بۆ دوو تایمى زیادکراو برا و لاوتارۆ مارتینێزى یەدەگ، لە خولەکى 112ى تایمى زیادکراوى دوەمدا گۆڵێکى بۆ ئەرجەنتین تۆمارکرد و تانکۆ بە گۆڵێکى بێ بەرامبەر یارییەکەى بردەوە.

 

بەم ئەنجامە، ئەرجەنتین بۆ دوەم جار لەسەریەک و بۆ 16ـهەمین جار لە مێژویدا نازناوى کۆپا ئەمەریکاى بەدەستهێنا و زنجیرە یارییە بێ دۆڕاندنەکانى کۆڵۆمبیاشى پچڕاند، کە ئەم پێشتر 28 یارى لەسەریەک توشى شکست نەهاتبو.

223 جار خوێندراوەتەوە