بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی دڵنیایی دەداتە مامۆستایان و فەرمانبەران بەوەی کە خزمەتیان
لە هەشت ساڵ و بەرەو سەرەوە بێت، زەوییان پێ دەدرێت، دەشڵێت پڕۆسەی دابەشکردنی
زەوی خێراتر کراوە و تا پێش کۆتایی ئەمسال تەواوی فەرمانبەران بەپێی رێنماییەکان
سودمەنددەبن لە دابەشکردنی زەوی.
هەواڵ:KNNC
ئاوات عەزیز، بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی (پرسی رۆژ)ی
کەناڵی کەی ئێن ئێن ئاماژەی بە دواین هەنگاوەکانی بڕیاری دابەشکردنی زەوی کرد
بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەران و وتی: لە ئێستادا فەرمانبەران دەستیانکردوە بە
پڕکردنەوەی فۆڕمی دابەشکردنی زەوی و لەلایەن لیژنەیەکەوە پێداچونەوە بە فۆڕمەکان
دەکرێت.
لەبارەی ئەوەی زەوی هەیە تا بەسەر
تەواوی فەرمانبەران و مامۆستایان دابەش بکرێت، ئاوات عەزیز ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر
لە سنوری شارەوانییەکەش زەوی بەش نەکات ئەوا زەوی دیکەی بۆ ئیفراز دەکرێت.
دڵنیاییشی دایە فەرمانبەران بەوەی کە هەمو
ئەوانەی کە 8 ساڵ و بەرەو سەرەوە خزمەتیان هەیە، دابەشکردنی زەوی دەیانگرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، دابەشكردنی زەوی
تەواوی فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازیی، هەروەها خانەنشینی شارستانی و سەربازیی دەگرێتەوە.
بەڕێوبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی
گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، کە بەپێی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستیان
گەیشتوە، تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی فەرمانبەران زەوییەکانیان بەسەردا دابەش دەکرێت.
1886 جار خوێندراوەتەوە