هەرێم کەمال ئاغا رەتى دەکاتەوە کورسییەکەى لێوەرگیرابێتەوە

KNN : Kurdish News Network
01:16 - 05/09/2022
کوردستان

دادگاى فیدڕاڵى بڕیاریدا، لە بازنەى سێى پارێزگاى هەولێر کورسی پەرلەمانتارى لە هەرێم کەمال ئاغا، پەرلەمانتارى یەکێتى وەربگرێتەوە و لە جێگاى ئەو لەیلا ئەکرەم کاندیدى پارتى شوێنەکەى بگریتەوە، هەرێم کەمال ئاغا رەتى دەکاتەوە کورسییەکەى لێوەرگیرابێتەوە.

بەپێى ئەنجامى بەرایی هەڵبژاردنى پێشوەختەى عێراق، لەیلا ئەکرەم، کاندیدى پارتی دیموکراتی کوردستان لە بازنەى سێى پارێزگاى هەولێر، هەشت هەزار و 517 دەنگی بەدەستهێنا و توانی سەرکەوێت بۆ پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای پێداچونەوە بە تانەکان، هەرێم کەمال ئاغا هەشت هەزار و 920 دەنگی هێنا و شوێنی کاندیدەکەى پارتى گرتەوە.

لەدواى ئەو بڕیارە، جارێکى دیکە لەیلا ئەکرەم لە دادگەی فیدراڵی سکاڵای تۆمارکرد، بەپێى بڕیارى دادگاکەش کە ئەمڕۆ میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە، سکاڵاکە لە بەرژەوەندى کاندیدى پارتى دیموکراتى کوردستان یەکلایى کراوەتەوە و کورسییەکە لە هەرێم کەمال ئاغا، وەردەگیرێتەوە.

سایتى (وكالة تقدم الآخبارية) بڵاویکردەوە، دادگاى فیدڕاڵى بڕیاریدا، بە گەڕانەوەى کورسیەکەى هەرێم کەمال ئاغا بۆ سکاڵاکار کە کاندیدەکەى پارتییە، ئەوەش بە پاساوى ئەوەى سکاڵا لێکراو بەڵگەى پێویستى نەبووە بۆ بەرگریکردن لە خۆى.

لاى خۆیەوە هەرێم کەما ئاغا، لە رونکردنەوەیەکدا بڵاوى کردەوە، ئەو هەواڵە دورە لەراستییەوە و لە رۆژى (4/7/2022)، دادگاى فیدڕاڵى دوابریارى خۆى لە بارەى سکاڵاکەوە داوە و ئەنجامەکەش قابیلى تانەلێدان نیە.

 


5864 جار خوێندراوەتەوە