نووسینی؛ ئەنوەر کەریم
روسیا وڵاتێکی
دەوڵەمەندە بە هەموو سەرچاوە سروشتیەکان نەک تەنیا لە بواری ووزەدا بەڵكو لە بواری
کشتوکاڵدا بەتایبەت لە دانەوێڵەدا وەکو گەنم و گەنمە شامی و بەرهەمەکانی وەک ڕۆنی
گوڵەبەڕۆژە، هەڵبەتە لە بواری کانزاشدا خاوەنی یەدەگی گەورەی وەک نیكڵ و ئەڵماس و خەڵوزو ئەلەمنیۆم و ئاڵتون و پالادێومە...
بەڵام ڕوسیا بەردەوام نەیتوانیوە ئەم
هەمو داهاتە وەک پێویست بۆ خزمەتی وڵاتەکەی بەکاربهێنیت، بە هۆی سیاسەتەکانیەوە
سەرچاوەی سامانەکەی بە هەدەر دراوە سیستەمێکی گەندەڵی کلیپتۆکراسی بنیادناوە،
لەسەردەمی سۆشیالیستدا بۆ بواری پڕ چەککردن بەکارهاتوە و خەڵکەکەی ژیان و گوزەرانی
خراپیان بەسەربردوە، چونکە ئابوریەکەیان دابڕاو بوو لەئابوری نێودەوڵەتی کە لە سەر
بنەمای (بەرهەم و داهات) ئەبێت، ئەو
سەردەمە کۆتای هات بە هەڵوەشانەوەی بلۆکی سۆڤیەت لە ئەنجامی گەندەڵی و وەستانی گەشەی
ئابوری ڕووسیادا.
لە ڕۆژی 21-8– 2022 "ئەلیکساندە
دۆکین" فەیلەسوفی بەناوبانگی رووسی بەهۆی کارێکی تیرۆریستیەوە کچەکەی کوژرا،
بەناوی (داریاوە) کە یەکێکە لە ڕۆژنامەنووسەکانی ڕوسیا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی
دەرەوەی شاری مۆسکۆ، ڕاستیەکەی تەقینەوەکە بۆ هەردووکیان بوو، بەڵام ئەوەبوو ئەلیکساندەر
دۆکین، رەئی خۆی گۆڕیبوو لەگەڵ کچەکەیدا نەڕۆیشتبووە، بووە هۆی تەنها کوشتنی (داریا)،
ئەم فەیلەسوفە بە ئەقڵی (پوتین) ناسراوە و
یەکێکە لە هەرە ناسیۆنالیستە توندڕەوەکان، خۆی بەخاوەنی فکری (ڕووسیای تازە) ئەزانێت،
واتە گەڕانەوەی ئەو زەویانەی کە ڕوسیا لە دەستیداوە لەسەردەمی دەسەڵاتی ئیمپراتۆری
ڕوسیاوە بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی ڕوسیا، هەر ئەمەش پاڵنەربووە بۆ ئەوەی پوتین هێز
بنێرێت بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا لە لایەن ڕوسیاوە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی کە ئێستا
ڕووسیا بچەقێت لە ناو خاکی ئۆکرانیادا و هێزە سەربازیەکەی زیانی گەورەی بەربکەوێت و
ئابوریەکەی بەرەو پاشەکشە بڕوات.
بە پێی ڕاپۆرتی سندوقی دراوی نیودەوڵەتی (IMF)
ئابوری ڕووسیا بە ڕێژەی 8% ئەمساڵ پاشەکشە ئەکات. و پاشەكشە بەردەوام ئەبێت لە
ئابوریەکەی لە چەند ساڵی داهاتودا بە هۆی سزاکانی ئەمریکاو ئەوروپاوە، کە بەسەر
ڕوسیادا سەپێندراوە. ئەم پاشەکشەیەش کە رودەدات لە ئەنجامی دابڕانی ئابوری ڕوسیا بە
(ئابوری نێودەوڵەتیەوە)یە. ئەم ووڵاتە بەرەو پاشەکشە ئەبات لە روی یاسایی و
کارگێری و دارایی و تەکنەلۆژیاوە، وڵاتەکە زیاتر بەرەو ووڵاتێکی تۆتالیتاری ئەڕوات
کە زیاتر مافەکانی مرۆڤ تییدا پێشێل بکرێت، و ئازادی ڕادەربڕین بەرەو دواوە ئەڕوات،
پڕۆسەی دیموکراسی بەرەو کۆتای دەچێت، وەک چۆن لەسەردەمی کامپی سۆشیالیستدا لە
ئەنجامی دابڕانی ئابوریدا بوە هۆی پاشەکشە لە هەموو بوارەکاندا، کۆتاییەکەی
کەمپەکە هەرەسی هێنا.
ئێستا ڕوسیا ووڵاتێکە ڕاستە بەهۆی بەرزی نرخی ووزە وە گەنجینەکەی پڕبوە لە
دۆلار، بەڵام بەتێپەڕبوونی کات ئابوریەکەی وێران ئەبێت، بە هۆی دۆزینەوەی سەرچاوەی
تری ووزەی پاک و سەوز. هەروەها سەرچاوەی تر بۆ جێگرەوەی نەوت و گازی ڕوسی کە ئێستا
ئوسترالیا و ئەمریکا بونەتە هۆی پڕکردنەوەی بەشێکی زۆر لە گازی سروشتی بۆ ئەوروپا،
ئەمەش دابڕانی زیاتری ئابوری ڕووسیا لە ئابوری نێودەوڵەتی قوڵتر دەکاتەوە و ئەبێتە
هۆی کەمبونەوەی (بەرهەم و داهات) کە بنەمای سەرەکی مانەوەی دەسەڵاتەکانن.
بۆیە روسیا بەهۆی ئەم هەڵەیەوە کە بەناوی ناسیۆلیزمەوە کردی بۆ داگیرکردنی
ئۆکرانیا، خەڵکی ڕوسیا زیانی گەورەیان پێدەگات، پاشان حکومەتەکەی پوتین باجی
بڕیارەکانی دەدات، چونکو ڕوسیا هەڵە مێژوویەکەی دابڕانی لە ئابوری نێودەوڵەتی دووبارە
کردەوە.
161 جار خوێندراوەتەوە