ڕووەک خۆرەکان کێن؟

KNN : Kurdish News Network
08:59 - 25/08/2022
تەندروستی

خۆراکى ڕووەک خۆرەکان پەیوەستە بە ڕووەک بە هەموو جۆرەکانیەوە. ئەوان بە دوورن لە خواردنى گۆشت و ماسى و مریشک هەتا خشۆکە دەریاییەکانیش ناخۆن. ئەمانە جگە لەوەى هیچ گۆشتیک ناخۆن خۆیان بە دوور دەگرن لە خواردنى بەرهەمە ئاژەڵییەکانى وەک ماست و شیرو کەرەوە هێلکەو هەنگوین و هەموو ئەو بەرهەمانەى کە سەرچاوەکەیان ئاژەڵ و گیاندارانى ترە، هەتا ئەو جل و بەرگانەش لەبەر ناکەن کە لە پێستى ئاژەڵان دروست دەکرێت.

بە پێى دوایین ڕاپۆرتە تەندروستییەکان ژمارەى مرۆڤە ڕوکییەکانى سەر زەوى بە ملیارو 500 ملیۆن کەس خەمڵێندراون، واتە لە سەدا 22 ى دانیشتوانى سەر زەوى روەکین و هیچ جۆرە گۆشت و بەرهەمێکى ئاژەڵى ناخۆن و بەکارناهێنن. هندستان زۆرترین  ژمارەی ڕووەکخۆرانی جیهان پێک دەهێنن و بەرازیل و ئیسرائیلیش دواى هندستان زۆرترین ڕێژەى ڕوەکخۆرەکانیان تێدایەو ئەم ڕێژەیەش لە هەموو جیهاندا لە بەرزبونەوەدایە.

هەندێک لە ڕوەکخۆرەکان هۆکارى دورکەوتنەوە لە گۆشت و بەرهەمە ئاژەڵێەکان دەگێڕنەوە بۆ لایەنى ئاینى و ئەخلاقى و شێوازى ژیان کردن و هەندێکى تریشیان بە دواى تەندروستیەکى باشترەوەن و دەیانەوێت لە نەخۆشىیەکانى دڵ و شێرپەنجەو شەکرەو فشارى خوێن بەدووربن تەمەنێکى زیاتر بژین.

بە شێوەیەکى سەرەکى ڕژێمى خۆراکیان پشت بە ڕوەک دەبەستێت و بە هیچ شێویەک هیچ جۆرە گۆشتێک ناخۆن و بەکارى ناهێنن.

ڕوەک خۆرەکان لە ناو خۆیاندا چەند جۆرێکن:

 
جۆرى یەکەم: ڤیگەنەکان:
 ئەوانە ئەو کەسانەن کە تەنها خواردنی ڕووەک دەخۆن و خۆیان لە خواردنی هەموو ئەو خواردنانە بەدوور دەگرن کە لە سەرچاوەی ئاژەڵی بەرهەم دەهێنرێت وەک گۆشتی مانگا و مەڕ و پەلەوەر و ماسی و بە بەرهەمی شیرەمەنی و هێلکە و تەنانەت ئەو جل و بەرگ و قایش و پێڵاوانەش  بەکار ناهێنن کە سەرچاوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ جەستەى ئاژەڵێک.

جۆرى دووەم: لاکتۆ ڕووەکخۆرەکان:
 ئەو کەسانەی کە خۆیان لە خواردنی هێلکە و گۆشت و خواردنی دەریایی بەهەموو جۆرەکانییەوە بەدوور دەگرن، بەڵام بەرهەمە شیرەمەنیەکان دەخۆن، لاکتۆ ناوێکى لاتینییە بۆ شیر و ئەم جۆرە ڕووەک خۆرانە لە ئەمەریکای باکووردا زۆر بڵاون.

جۆرى سێیەم: ڕووەکخۆرە لاکتۆ ئۆڤەکان:
  ئەوانەن کە پەیڕەوی ڕێژیمێکى خۆراکى  دەکەن کە هەموو بەرهەمە شیرەمەنییەکان و هێلکە و هەروەها خواردنی جۆراوجۆری ڕووەکی لەخۆ دەگرێت، بەڵام خۆیان لە گۆشت و خواردنی دەریایی لە هەموو جۆرەکان بەدوو دەگرن وهەندێک لە توێژینەوەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە ئەم جۆرەیان باشترین ڕژێمى خۆراکیەو زۆرترین سود بە بەکارهێنەرانى دەگات و کەمترین کات توشى جۆرەکانى نەخۆشى شێرپەنجەى ڕیخۆڵەو کۆڵۆن و مەمک  دەبن.

جۆرى چوارەم: ڕووەکخۆری- دەریایی:
 ئەم جۆرە کەسانێک دەگرێتەوە کە خواردنی دەریایی لە ماسی و ماسی و میگۆ و بەرهەمە دەریاییەکانی تر دەخۆن، هەروەها بەرهەمی جۆراوجۆری شیرەمەنی و هێلکە و خواردنی تری ڕووەک دەخۆن، بەڵام خۆیان لە خواردنی گۆشتی ئاژەڵ و مریشک بە دوور دەگرن.

جۆرى پێنجەم : ئەم جۆرەیان بە ڕوەک خۆرە نەرمەکان ناسراون:
ڕێگە بە خۆیان دەدەن جار جار بڕێکى کەم لە گۆشت و ماسى بخۆن لە پاڵ بەرهەمە ڕوەکی و پاقلەمەنییەکان.

سودە تەندروستیەکانى رژێمە ڕوەکیەکان چین؟

 
سوودە تەندروستییەکانی خۆراکی روەکی زۆرن، گرنگترینیان بریتیە لە:

کەمکردنەوەى مەترسى شێرپەنجە: بەحۆرێک ڕێژەى شێرپەنجە جۆراوجۆرەکان لە ناو ڕوکیەکاندا بە ڕێژەى لە سەدا 12 کەمترە بە بەراورد بە گۆشتخۆرەکان. هەروەها توێژینەوەکان ئەوە نیشان دەدەن کە خواردنى ڕوەک دەبێتە هۆى لەدەست دانى کێش و بنیادنانى لەش و لارێکى ڕێک و تەندروست.


پاراستنی تەندروستی دڵ و دەمارەکانى خوێن: ڕێژێمى خۆراکى ڕووەکی مەترسی مردن بە نەخۆشی دڵ تا 40٪ کەم دەکاتەوە و ئامارەکانیش ئەوە دەردەخەن کە نزیکەی 60٪ ی ئەو کەسانەی پرۆتینی ڕووەک بەکاردێنن دەمارەکانى دڵیان تەندروستترن لەچاو ئەوانەی پرۆتینی گۆشت دەخۆن. هەروەها ڕووەکخۆرەکان 40٪ کەمتر مەترسی نەخۆشییەکانی دڵیان هەیە.


ڕێژەى توش بوون بە نەخۆشى شەکرە کەم دەکاتەوە و ڕێگرى دەکات لە زیادبونى کیشى لەش و زۆر سودى تەنردوستى ترى وەک:

کەمکردنەوەی نیشانەکانی ڕەبۆو نەخۆشیەکانی تری هەناسەدان و باشترکردنی تەندروستی ئێسک و بەهێزکردن و دەبێتە هۆى دوور بون لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان و ژیانێکى تەنردوست.

لە ڕاستیدا، سوودەکانی خۆراکی ڕووەکی بێ کۆتاییە، وە هەڵبژاردنێکی نایابیشە بۆ ژیانێکی تەندروست کە کە دوورە لەو کێشە تەندروستیانەى کە مرۆڤ بە هۆى ئالودە بون بە خواردنى گۆشت توشیان دەبن.

سەرەڕاى هەمو ئەو سودانەى باسکران، بەڵام ڕوەکیەکان دەبێت ئاگادارى ئەوە بن کە جەستەى مرۆڤ پێویستى بە هەندێک پرۆتین و ڤیتامین هەیە کە لە ڕوەکدا بە ڕێژەیکى زۆر کەم  هەیە، بۆیە پێویستە بڕێکى زۆر لە سەوزەو میوە بخۆن بۆ پڕ کردنەوەى ئەو پرۆتین و ڤیتامینانە. هەر ئەمەشە بە یەکێک لە لایەنە نەرێنیەکانى ئەم ڕژێمە خۆراکیە دادەنرێت.

ئامادەکردنى؛ عەدنان عیزەدین

289 جار خوێندراوەتەوە