53 ملیۆن کەس لە ژێر مەترسی لافاودا ژیان بەسەردەبەن

KNN : Kurdish News Network
04:24 - 08/08/2022
جیهان
+
-

بەڕێوەبەری ناوەندی گۆڕان و گەشەپێدانی کەشوهەوا و پسپۆڕی ژینگە لە زانکۆی ئیبۆنی، هۆشدارییدا له‌وه‌ی، 53  ملیۆن کەس لە نێجیریا رووبەڕووی مەترسی لافاو بوونەتەوە.

جومێریژی ئۆکیریکی، بەڕێوەبەری ناوەندی گۆڕان و گەشەپێدانی کەشوهەوا و پسپۆڕی ژینگە لە زانکۆی ئیبۆنی ئاماژەی بەوە کرد بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا بە رێژەی نیو مەتر، پێشبینی دەکەن 27 بۆ 53 ملیۆن کەس سەرلەنوێ نیشتەجێ بکرێنەوە.

هەروەها باسی لەوە کرد بڕی ئەو زیانەی ساڵانە بەهۆی کارەساتی گۆڕانی کەشوهەوا لە نێجیریا دەکەوێت 100 ملیار دۆلارە، ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر رێوشوێن نەگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، ئەوا رەنگە تا ساڵی 2050 بڕی 460 ملیار دۆلار زیان بە وڵاته‌كه‌ بگات.

نێجیریا کە کەشوهەوایەکی گەرمی هەیە، تێکڕای بارانبارینی ساڵانە لە ئاستی ناوچەییدا گۆڕانی بەسەردا دێت.

مانگی رابردوو، لە ویلایەتی یۆبی نێجیریا، بەهۆی باران بارینی وەرزی و دروستبوونی لافاوەوە چوار کەس گیانیان لەدەستدا و 12 ناوچه‌ی نیشتەجێبوونیش ژێر ئاو کەوتن.

150 جار خوێندراوەتەوە