لەدوای هێرشی
روسیا بۆسەر ئۆکرانیا ئابوری جیهان بەشیوەیەکی گشتی دوچاری دۆخێکی نائاسایی بو، بەتایبەتی
نرخی بابەتە خۆراکییەکان بەرزبونەوەیەکی کەموێنەیان بەخۆیانەوە بینی، ئەوەش بوە مەترسییەکی
گەورە لەسەر ئاسایشی خۆراک لە جیهاندا، بەڵام دوایین راپۆرتی رێکخراوی فاو ئەو راستییە دەردەخات کە مەترسییەکان بەرەو رەوینەوە
دەچن و پێدەچیت لە داهاتویەکی نزیکدا نرخەکان رو لە دابەزینی زیاتر بکەن.
کۆتایی مانگی
شوباتی ئەمساڵ بەهۆی هێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، نرخی خواردەمەنییەکان لە جیهاندا
بەراورد بە هەمان مانگی ساڵی رابردو، بە رێژەی 24% بەرزبونەوەی بەخۆیەوە بینی.
ئەوەش مەترسیی لەسەر
ئاسایشی خۆراک هێنایەئاراوە و چاوەڕوان دەکرا لەماوەی چەند مانگێکدا قەیرانێکی گەورەی
خۆراک رو لە جیهان بکات، بەڵام دوایین راپۆرتی رێکخراوی خۆراکی جیهانیی، دەریدەخات
کە هێدی هێدی ئەو مەترسییە رەویوەتەوە و نرخەکان لە جیهاندا رویان لە دابەزین کردوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکەی
رێکخراوی فاو؛ نرخی خواردەمەنییەکان بەشێوەیەکی گشتی لە مانگی تەموزدا بەراورد بە
مانگی حوزەیران، بەرێژەی 8.6% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش مزگێنییەکی خۆشە بۆ
هەمو جیهان.
گەنم، زەیت و پەینیی
کیمیایی ئەو سێ پێداویستییەن، کە هەر گۆڕانکارییەک لە نرخەکانیاندا کاریگەریی گەورەی
لەسەر کۆی هەڵاوسان لە جیهاندا دەبێت، راپۆرتەکەی فاو ئەوەی دەرخستوە؛ نرخی گەنم بە
رێژەی 11.5% و نرخی زەیت بە رێژەی 19.2% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمەش بەهۆی
واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان روسیا و ئۆکرانیا لەبارەی هەناردەی گەنم لەلایەک و بەرزکردنەوەی
ئاستی بەرهەمهێنانی زەیتی خورما لە ئەندەنوسیا لەلایەکی دیکەوە دەگەڕێتەوە.
شرۆڤەکارانی دامەزراوە
جیهانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەگەری بەهێز هەیە نرخی خۆراک و پێداویستییە خۆراکییەکان
زیاتر رو لە دابەزین بکەن، ئەوەش بەهۆی دەستپێکردنی وەرزی دروێنەی گەنم لە نیوەگۆی
باکوری زەوی و دەستکردنەوە بە هەناردەی گەنمی ئۆکرانیا و هەوڵەکانی خۆگونجاندنی وڵاتان
لەگەڵ دۆخی نوێی ئابوری و سیاسیی جیهاندا.
هەرچەندە هێشتا
رێژەی هەڵاوسانی نرخی بابەتە خۆراکییەکان بەشێوەیەکی نائاسایی بە بەرزی ماوەتەوە،
بەڵام ئەو دابەزینە لەسەرخۆیەی نرخەکان کە زیاتر لە مانگێکە لە بازارەکانی جیهاندا
دەستیپێکردوە ئەوە دەردەخەن کە ئابوری جیهان دوای تێپەڕبونی جەند مانگێک بەسەر هێرشی
روسیا بۆسەر ئۆکرانیا بە ئاراستەی ئاسایبوونەوە رێڕەویبگرتوەتەبەر.
408 جار خوێندراوەتەوە