پێنتاگۆن: لە شەڕی ئێراندا دەیان فڕۆکەمان لەناوچوون و تێچووی شەڕەکەش 33 ملیار دۆلار بووە

KNN : Kurdish News Network
08:05 - 15/09/2026
جیهان
+
-

پشکنەری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) یەکەمین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بە جەنگی ئەمریکا و ئێران بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە تێچووی جەنگەکە گەیشتووەتە 33.4 ملیار دۆلار و دەیان فڕۆکەی سەربازیی ئەمریکیش لەناوچوون یان زیانیان بەرکەوتووە.

 

بەپێی ڕاپۆرتەکە کە قۆناغی نێوان 28ی شوبات تا 30ی حوزەیران دەگرێتەوە، ئەمریکا بە بەهای 22.3 ملیار دۆلار تەقەمەنی بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی قەیرانی کەمیی تەقەمەنی لە سوپای وڵاتەکەدا. ڕاپۆرتەکە بۆ یەکەمجار بە فەرمی دانی بەوەداناوە کە ئێران هێرشی مووشەکی و درۆنیی کردووەتە سەر ناوەندی سەرەکیی لۆجیستیی هێزی دەریایی ئەمریکا لە بەحرەین. هاوکات تێچووە گشتییەکەی جەنگەکە (33.4 ملیار دۆلار) تەنها خەرجییە ڕاستەوخۆکان دەگرێتەوە و تێچووی نۆژەنکردنەوەی بنکە و دامەزراوە وێرانبووەکانی تێدا هەژمار نەکراوە.

 

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی جەنگەکەوە چوار فڕۆکەی جەنگیی جۆری (F-15E)، یەک فڕۆکەی (F-35A)، فڕۆکەیەکی هێرشبەری (A-10)، لەگەڵ 12 فڕۆکەی سووتەمەنیپێدەری (KC-135) و زیاتر لە 30 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی (MQ-9) لەناوچوون یان بە سەختی زیانیان بەرکەوتووە. هەروەها بینا دیپلۆماسییەکانی ئەمریکا لە چوار وڵاتی عێراق، کوێت، سعودیە و ئیمارات بە بڕی 184 ملیۆن دۆلار زیانیان پێگەیشتووە و زیاتر لە 20 هەزار سەرباز و دیپلۆماتکاری ئەمریکیش لە ناوچەکەدا گواستراونەتەوە.

55 جار خوێندراوەتەوە