ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتی سامانە
سروشتییەکانی راسپارد کە بەردەوامبن
لە سەر ڕێکارەکانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی نرخی سوتەمەنی.
بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکەی ئەمڕۆی
ئەنجومەنی وەزیران، لە کۆبونەوەکەدا وەزارەت و بەرپرسانی حکومەت راسپێردران، کە هاوکاری زیاتری دەزگاکانی ڕاگەیاندن
بکەن و ئاسانکاری پێویستیان پێشکەش بکەن و زیاتر زانیاری و ڕونکردنەوە دەربارەی
کار وچالاکییەکانی حکومەت بە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی کوردستان بگەیەنن.
لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا،
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی دەربارەی ڕێکارەکانی وەزارەتی
تەندروستی و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەکردنی نەخۆشیەکانی
سکچونی توند و پەتای کۆلێرا وکۆنتڕۆڵکردنیان خستەڕو کە تیایدا بە ئامار و شیکاری،
هۆکارەکانی سەرهەڵدانی پەتاکە و ئامادەکاریی و ڕێکار و وەڵامدانەوەی وەزارەتەکەی
خستەڕو.
ئەنجومەنی وەزیران، پێشنیارەکانی
ڕاپۆرتەکەی وەزیری تەندروستی پەسەند کرد و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد
بۆ بەردەوامبون لە سەر ڕێکارەکانی ڕێگەگرتن لە تەشەنەکردنی ئەم پەتایە و چارەسەرکردنی
سەرچاوە و هۆکاری نەخۆشیەکە، بە تایبەتی پاكکردنەوەی سەرچاوەکانی ئاو و هوشیارکردنەوەی
هاوڵاتیيان لەمبارەیەوە.
دواتر کەمال محەمەد ساڵح
وەزیری سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت ، دەرەنجامی بڕیاری کۆبونەوەی پێشوی ئەنجومەنی
وەزیران سەبارەت بە کێشەی بەنزین خرایەڕو. هەروەها وەزارەتی سامانە سروشتییەکان
راسپێردرا کە بەردەوامبن لە سەر ئەو ڕێکارانە بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی ناوخۆ و کۆنترۆلکردنی
نرخی سوتەمەنی.
بڕگەی دوەمی کۆبونەوەکە،
بریتی بو لە گرنگترین کار و پڕۆژەکانی چاکسازی کە لە لایەن وەزارەتەکانی کابینەی نۆیەم
لە سەرەتای دەستبەکاربونیان ئەنجامدراون لە چوارچێوەی هێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کاری
کابینەکە و یاسای چاکسازیی ژمارە 2 ساڵی 2020 کە لە لایەن وەزیرەکانەوە خرایە بەردەم
ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش بۆ ڕای گشتی بڵاودەکرێتەوە، ئەنجومەنی وەزیران، جەختی
کردەوە لە بەردەوامبون لەسەر پلان و بەرنامەی چاکسازیی کابینەکە کە بەشێکی گرنگ و
سەرەکی بەرنامەی کاری کابینەکەیە.
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبونەوە،
ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی پەسەند
کرد تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە بڕیاری پێشوی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە
140 و داڕشتنەوەی بڕیاری ژمارە 145 تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ دابینکردنی پێداویستییە
خۆراکییە سەرەکییەکان، تاکو بارگرانی نەبونی بەرهەمە خۆراکیەکان یان گرانبونیان لە
سەر هاوڵاتییان دروست نەبێت، ئەویش بە بەردەوامبونی هەڵگرتنی ڕەسمی گومرگی لە سەر
بەرهەم و پێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکان تا 2022/9/30 وەک ( ئارد ، برنج ، زەیتی خواردن، و ڕۆنی بەستوی
ڕوەکی وئاژەڵیی ، چای ڕەش ، شەکر ، پاقلەمەنی وشک ( نۆک، نيسك، پاقلە، لۆبیا، فاسۆلیاو
ماش)، شيری منداڵان بە هەمو جۆرەکانییەوە. هەروەها ئاسانکاریی هاوردەکردنی ئاژەڵ بۆ
دابینکردنی گۆشتی سور لە ڕێگای هەڵپەساردنی مەرجی بەدەستهێنانی مۆڵەتی هاوردەکردنی
ئاژەڵ بۆ گۆشتی سور تا 2022/10/17 بە ڕەچاوکردنی ڕێکار و ڕێنماییە تەندروستییەکان
و پاراستن و پشتیوانی بەرهەمی ناوخۆیی و دۆخی کەمی لەوەڕگاکان وکەمی ئالیک و تیمەکانی
چاودێریی بازاڕ و لیژنەکانی قایمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی بەردەوام بن لە چاودێریکردنی
بازاڕ و ڕێگرتن لە خراپ سود وەرگرتن لەم ئاسانکاریانە و بەرزکردنەوەی نرخەکان.
لە بڕگەی چوارەمی کۆبونەوەکە، ئەنجومەنی وەزیران دوپاتی پابەندبونی حکومەتی بە
جێبەجێکردنی یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان ژمارە 5 ساڵی 2015
کردەوە و بڕیاردرا بە ڕاسپاردنی وەزارەتی داد، بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی
ئەوقاف وکاروباری ئایینی و وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان و سەرۆکی یەکە
کارگێڕیەکان، بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکە، لە پێناوی پاراستن و پارێزگاریکردنی ئەو ناوچانەی پێکهاتە
جیاکانی هەرێمی کوردستان تێێدا جێگیربون وڕێگەگرتن لە هەر ڕەفتار وسیاسەتێکی نەرێنی
کە ببێتە هۆی گۆڕینی بارودۆخی ڕەسەنی ئەو ناوچانە یان گۆڕینی دیمۆگرافیان.
لە بڕگەی کۆتاییدا،
ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، ڕاپۆرتێکی خستەڕو سەبارەت بە پێویستی و گرنگی بەردەوامبونی پرۆسەی وردبینی و
پێداچونەوەی سەرجەم قۆناغەکانی پرۆسەکانی نەوت وگاز لە هەرێمی کوردستان و برەودان
بە شەفافیەت لە ڕێگای بەردەوامی خستنەبەردەستی ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە زانیاری
وژمارەکانی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت وگاز بۆ ڕای گشتی. ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە بەردەوامبونی
پڕۆژەی ئێستای تایبەت بە وردبینی و پێداچونەوەی قۆناغەکانی نەوت وگاز و داهات وخەرجیيەکانی،
لە دوای چاوخشاندنەوە بە گرێبەستی خزمەتگوزاریی
وردبینی کۆمپانیای دیلۆیت ، لە ڕوی نرخ وتێچوی خزمەتگوزارییەکە و خستنەڕوی ڕاپۆرتی
مانگانە، سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی و داهاتی نەوت
وگاز بۆ ڕای گشتی و فراوانکردنی چالاکیبەکانیيان و دەوڵەمەندکردنی ڕاپۆرتەکانی
مانگانە . جەختیش لەسەر ڕاهێنانی فەرمانبەرانی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم کرایەوە
بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان و نوێکردنەوەی یاسا وڕێنمایی و پێوەرەکانی دارایی و
وردبینی کارپێکراو لەهەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی پێوەرە نوێ و هاوچەرخەکانی ئەم
بوارە .
352 جار خوێندراوەتەوە