حکومەتى عێراق زیاتر لە یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار قەرزەکانى داوەتەوە بە ئیران

KNN : Kurdish News Network
01:39 - 16/06/2022
ئابوری
+
-

بۆ بەرهەمهێنانى کارەبا، عێراق رۆژانە پێویستی بە ھاوردەکردنی نزیکەى 500 ملیۆن مەتر سێجای گازە لە ئێرانەوە. حکومەتی عێراقیش، یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلاری، قەرزی کەڵەکەبووی گازی ئێرانی داوەتەوە.

جەواد ئەوجی، وەزیری نەوتی ئێران لە تویتێکدا رایگەیاند: "بەختەوەرانە بەھۆی دیپلۆماسیی چالاکی وزە و دوای چەند مانگێک لە دانوستاندن، حکوومەتی عێراق، یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار، قەرزی کەڵەکەبووی ساڵانی رابردوو کە پەیوەست بە ھەناردەی گاز بۆ عێراق، داوەتەوە ئێران".

وەزیری نەوتی ئێران وتوشیەتى،" ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو ھەناردەی گازی ئێران بۆ عێراق بەڕێژەی لەسەدا 25 زیادی کردووە، ھاوکات وەرگرتنى داھاتەکەشی بەڕێژەی لەسەدا 90 زیادی کردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە 29ی مانگی نیسانی رابردودا وەزیری کارەبای عێراق، عادل کەریم رایگەیاندبوو کە لەگەڵ تاران گەیشتونەتە رێککەوتن لەسەر دوبارە ھاوردەکردنی گازی سرووشتیی لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەکەی بە مەبەستی کارپێکردنی وێستگەکانی کارەبا و دانەوەی قەرزەکان.


دوێنێ چوارشەممەش وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق، ئەحمەد موسا ئاشکرای کردبوو کە لەئێستادا وڵاتەکەی بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، رۆژانە پێویستی بە ھاوردەکردنی نزیکەى 500 ملیۆن مەتر سێجای گازە لە ئێرانەوە.

ئاماژەی بەوەشکردبوو، لەگەڵ دانەوەی قەرزەکان، ئێران بەڵێنی داوە کە لە دوو رۆژی داھاتودا، ھەناردەکردنی گاز بۆ عێراق زیاد بکات.

لە ساڵانی رابردووەوە، عێراق بۆ ھاوردەکردنی کارەبا و گاز پشتی بە ئێران بەستووە کە عێراق ھەزار و 200 میگاوات کارەبای لە ئێران ھاوردە کردووە.

بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی کارەبای عێراق، لەئێستادا 19 ھەزار میگاوات کارەبا بەرھەم دەھێندرێت، لە کاتێکدا بۆ پڕکردنەوەی پێدوایستییەکان، ئەو وڵاتە پێویستی بە 30 ھەزار میگاوات کارەبا ھەیە.


491 جار خوێندراوەتەوە