یادى کۆچى دواى موفتى پێنجوێنى

KNN : Kurdish News Network
01:45 - 15/06/2022
هەمەڕەنگ
+
-

ئەمڕۆ (15)ى حوزەیران، 73 ساڵ بەسەر کۆچى دوایى شاعیرى گەورەى کوردا موفتى پێنجوێنى تێدەپەڕێت.

ناوی تەواوی موفتی پێنجوێنی (مەلاعەبدوڵڵای کوڕی مەلا کەریمی بێستانەیە، بە مەلاعەبدوڵڵای توتنچی)ش ناسراوە. لەساڵی (1881)ی زاینی لەدێی بیستانی سەربەناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن لەدایکبوە .

نازناوی شیعری موفتی کەدراوەتە مەلاعەبدوڵڵای توتنچی پێنجوێن، لەلایەن مەلای گەورەی بیارە مەلاعەبدولقادرەوەبوە، کەبەناوی مەلا عەبدوڵڵای موفتی ئەوسەردەمەی شاری سنەوە ئەو نازناوەی پێداوە.

موفتی هەر بەمنداڵی باوکی کۆچی دوایی دەکات، و لەتەمەنی حەوت ساڵیدا لەخزمەت مەلا ئەحمەدی براگەورەی دەستی بەخوێندن کردوەکە ئەویش خاوەنی دیوانێکی شیعرییە بەناوی دیوانی شەفیق .

موفتی وەک خۆی لەنوسینەکانیدا ئاماژەی بۆکردوە، لەتەمەنی (22)ساڵیدا خێزانی پێکەوەناوە کە دەکاتە ساڵی ( 1903)ی زاینی، ئەو لەشێوەدا کەسێکی باڵاکورتی ڕەشئەسمەرو قسەخۆش و خۆش مەشرەب بووە، بەڵام خاوەنی دڵ ودەرونێکی بێگەردو فراوان بوە، و هەمیشە پێیخۆشبوە نانێکی هەبوبێت لەگەڵ خەڵکیدا بیخوات.

لەساڵی (1936) یەکەم شیعری موفتی لەڕۆژنامەی (ژیان)دا بڵاوبۆتەوە، و لەوساڵەوە تاساڵی (1950)، بەبەردەوامی بەشداری هەبوە کەساڵی لەدنیادەرچونی پیرەمێردی شاعیربوو، هەروەها جگە لەبڵاوکراوەکانی ژیان، گەلاوێژی نوێ لە ڕۆژنامەی کوردستان و گۆڤاری هەڵاڵەی سەردەمی کۆماری مهابادیش هۆنراوەکانی بڵاوکراونەتەوە .

لەساڵی (1951)دا لەئێزگەی کوردی بەغداد هۆنراوەی ( گەورەیەک)ی موفتی پێنجوێنی خوێندراوەتەوە کەئەوکات لەلایەن خوالێخۆشبوو عەبدوڵڵای حاجی محەمەدی قوربانیەوە نێردراوە بۆڕادیۆکە، هەرچەندە هۆنراوەی ( فلس)یشی بۆناردبوون، بەڵام بەخوێندنەوەی ئەو ڕازی نەببوون و ئەویان نەخوێندەوە .

لەدوای حەوت ساڵ بەسەرکۆچی دوایى موفتى پێنجوێنیدا، واتا ساڵی (1959)یەکەم دیوانەشیعری بڵاوکرایەوە .

ساڵی (1939) یەکەمین نوسین دەربارەی موفتی و شیعرەکانی نوسراوە لەکتێبی (گوڵدەستەی شوعەرای هاوعەسرم) کەلەلایەن عەلی باپیرئاغاوە نوسراوەو کورت و پوخت پێناسەیەکی پڕ بەپێستی موفتی کردوەو دەڵێ (موفتی زۆردەوڵەمەندە لەتەبیعەت و ئەخلاقدا،  زۆریش هەژارونەدارە لەسەروەت وتفاقدا) .

ئەم شاعیرە نازدارەی کورد پەیوەندییەکی ئەدەبی زۆر باشی لەگەڵ شاعیرانی سەردەمی خۆیدا هەبوە، لەنێویشیاندا کەزۆرترین پەیوەندی و بینین و دیدارییان هەبوبێت، قانعی شاعیری چەوساوەکان بووە، بەداخەوە جگەلەوەی کەبەشێک لەشیعرەکانی موفتی فەوتاون وتیاچون، زۆرێکیش لەشیعرەکانی کەنوسیبونی لەساڵی ( 1962)دا کەحەرەس قەومییەکان هاتن و بەشێکی زۆری شاری پێنجوێنیان سوتاند شیعرەکانی ئەمیش بونە سوتوی ئەو کارەقێزەون و نامرۆڤانەیەی ئەوسای حەرەس قەومییەکان.

موفتی جگەلەوەی کە بەشاعیرێکی نیشتمانی و کۆمەڵایەتی نێوبانگی دەرکردوە دەشکرێت بەیەکێک لەو شاعیرانە ناوزەندبکرێت کەپێیان دەوترێت شاعیری تێکشکێنەری داب ونەریتە نامۆ و باوەکانی ئەوکاتی نێوکۆمەڵگەی کوردەواری.

موفتی ژیانی لەپێنجوێن بردۆتەسەرو بەدوکانێکی بچکۆلەی جگەرەفرۆشیەوە سەرقاڵبوە و هەندێ جاریش کچەکەی(رابیعەخان) هاوکارو یاریدەدەری بوەو دوکانداری بۆکردوە، وەک خۆی لەشیعرێکیدا کەساڵی (1946) نوسیویەتی دەڵێ :
کچێکم هەیە لەپۆلی سێیە
خوشکی هەنارولیمۆوبەهێیە
هەتا نیوەڕۆ خوێندەوارمە
لەپاش نیوەڕۆ کاسپکارمە.


موفتی لەناوەڕاستی ساڵی (1952)نەخۆشی تەنگی پێهەڵدەچنێ و بەهۆی سەختی نەخۆشیەکەی لەبەرواری ( 15 - 6 - 1952) بەیەکجاری چاوەکانی لێکدەنێ و ماڵئاوایی لەژیان و شیعر دەکات، هەرچەند خۆی لەچوارینەیەکیدا دەڵێ :
ئەگەر مردم تکایە گردی سەیوان ماڵ و قەبرم بێ
گەڵای ئەودارە جوانانە لەجێی سابات و کەپرم بێ
تکاکارم لەئاخردا لەقاپی حەزرەتی یەزدان
لەگەڵ یارانی هاودەم، هەرئەوێ مەیدانی حەشرم بێ.


بەڵام بەهۆی ئەوەی لەدواتردا بەم چوارینەزانرا نەتوانرا وەسیەتەکەی وەک خۆی داوای کردبوو جێبەجێ ببێت، بۆیە تەرمەکەی هێنرایەوە بۆ پێنجوێن لەگردی حاجی شێخ بەخاک سپێردراو ئەوێ بوە دوامەنزڵ وئارامگای شاعیر.


نوسین و ئامادەکردنى؛ عەبدولڕەحمان عەلی ڕەزا

366 جار خوێندراوەتەوە