بەپێی راپرسییەکی
واشنتۆن پۆست-ئیپسۆس، لەهەر 10 هاووڵاتییەکی رەشپێست هەشت کەسیان لە دوای ئەو
روداوەی بوفالۆ کە تیایدا 10 کەس کوژران، دەترسن لەوەی رووبەڕووی هێرشی رەگەزپەرستی
ببنەوە.
راپرسییەک کە لە ئەمەریکا
ئەنجامدراوە، دەریدەخات کە لە دوای ئەو هێرشە چەکدارییەی لە سوپەرمارکێتێکی شاری
بوفالۆ لە نیویۆرک کرایە سەر رەشپێستەکان، رادەی نیگەرانیی هاووڵاتییانی ئەمەریکی-ئەفەریقی
سەبارەت بە مەترسییە رەگەزپەرستیەکان زیادی کردووە.
راپرسییەکەى واشنتۆن پۆست-
ئیپسۆس ئاماژەی بەوە داوە، لەهەر 10 هاووڵاتیی رەشپێست، هەشت کەسیان لە دوای ئەو روداوەی
بوفالۆ، دەترسن لەوەی رووبەڕووی هێرشی رەگەزپەرستی ببنەوە.
ئەو هاووڵاتییە ئەمەریکی-ئەفەریقییانەی
بەشداریان لە راپرسییەکەدا کردووە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە لە دوای خۆپیشاندانەکانی
کوشتنی جۆرج فلۆید لەلایەن پۆلیسەوە، هەڵسوکەوتی پۆلیس بەرامبەر رەشپێستەکان زۆر کەم
پێشکەوتنی بەخۆوە بینیوە.
لە دوای هێرشەکەی
بوفالۆ کە تیایدا 13 کەس کوژران لەوانەش 11 یان رەشپێست بوون، تەنیا سەدا 10ی کوتلەی
ئەمەریکی-ئەفەریقایی ئومێدەوارە لە قۆناغێکی ژیانیاندا کێشەی رەگەزپەرستی چارەسەر
بکرێت، بەڵام زۆرینەیەک کە سەدا (53)یە، باس لەوە دەکات دۆخەکە خراپتر دەبێت.
بەپێی راپرسییەکە، سەدا
70ی رەشپێستە ئەمەریکییەکان پێیانوایە، لانیکەم نیوەی ئەمەریکییە سپیپێستەکان باوەڕیان
بە باڵادەستی سپی پێست هەیە و سەدا 75 یشیان باڵادەستی سپیپێستەکان بە هەڕەشە و مەترسی
بۆ سەر خۆیان دەبینن.
لە راپرسییەکەدا ئەوەش
رونکراوەتەوە کە سەدا 63ی ئەو رەشپێستانەی وەڵامی پرسیارەکانی راپرسییەکەیان داوەتەوە
باس لەوە دەکەن کە ئاسان دەست گەیشتن بە چەک کار ئاسانی کردووە بۆ ئەو کەسانەی
تاوان ئەنجام دەدەن، سەدا 57 یشی هاوڕان لەسەر کەسایەتی خێزان و شێوازی بەخێوکردن
کە کاریگەری لەسەر ئەو تاوانانە هەیە.
هەروەها سەدا 52ی ئەمەریکییە-ئەفەریقاییەکان
باس لەوە دەکەن کە تۆڕی کۆمەڵایەتیی هاوکاری زۆرن بۆ ئەنجامدانی تاوان و سەدا 45یشیان
پێیان وایە لە خوێندنگەکاندا بەپێی پێویست باس لە سنگفراوانی و لێبوردەیی ناکرێت.
349 جار خوێندراوەتەوە