وێنە؛ دیمەنی جوانی لەقلەقەکانی سەر رێگای بەردەڕەش

KNN : Kurdish News Network
12:34 - 17/05/2022
گەلەری
+
-

لەقلەقەکان نزیکەی نیو سەدەیە رولەو ناوچەیە دەکەن و دیمەنێکی جوان و سەرنجڕاکێشیان بە ناوچەکە بەخشیووە و دانیشتوانی قەزاکەش ئاشنایەتییان لەگەڵ لەقلەقدا پەیداکردووە.

بە درێژایی رێگەی چون بەرەو قەزای بەردەڕەش بە ئاراستەی ناحیەی روڤیا لەسەر تاوەرەکانی ھێڵی کارەبا، ژمارەیەک هێلانەی باڵندەی لەقلەق بووەتە جێی سەرنج و ساڵانە چەند مانگێک لەم شوێنە دەمێننەوە.

وەرزی زاوزێکردنی لەقلەقەکان لە کۆتایی وەرزی بەھار دەستپێدەکات، دوای دانانی و کڕکەوتن بۆ ماوەی 30 رۆژ، ئەوا ھەر خێزانێک دەبێتە خاوەنی چەند بێچوێک، ساڵانە یەکجار هێلکەی دەتروکێت، پاش پێگەیشتن و پەروەردەکردنی بێچووەکانیش، لەقلەقەکان لە کۆتایی مانگی ئابی ھەموو ساڵێک کۆچ دەکەن، بەڵام بەھۆی گونجاوی کەشوھەوای ھەرێمی کوردستان، ئەوا لەقلەقەکان لەو شوێنە دەمێننەوە.

لەقلەق بۆ ماوەی 35 بۆ 40 ساڵ دەژیت، بەرزییان مەترێک و درێژی باڵەکانییان نزیکەی دوو مەترە، دەنوک و قاچیان رەنگی سوور و سەر باڵەکانییان رەنگی رەشە و دوو تا پێنج ھێلکە دەکەن و مێیینە و نێرینە بە نۆرە لەسەر ھێلکەکان ھەڵدەکورمێن.

لەقلەق، بۆیەش ھەندێک جار پێی دەڵێن حاجی لەقلەق، چونکە ساڵانە ھاوشێوەی حاجییەکان، بەھەمان رەنگ قەتارە دەبەستن و لە چیاکان و زەلکاوەکاندا دەگەڕێنەوە بۆسەر ھێلانەکانییان بۆ زاوزێ و ھێلکە دانان.

قەزای بەردەڕەش سەربە پارێزگای دهۆکە و بە دوری 70 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژئاوای پارێزگای هەولێر و بە دوری 32 کیلۆمەتریش دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی موسڵ.

341 جار خوێندراوەتەوە